مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا، جەختی لە بەردەوامی پەیوەندی نێوان کورد و ئەمەریکا کردووەتەوە و هەروەها تاوتوێی دۆخی سوریایان کردووە.
بارەگای بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند " لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا."
بارەگاکە دەشڵێت هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە کاربکرێت بۆ ئەوەی "ڕێگە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ بگیرێت و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر ببێت."
بارەگای بارزانی دەشڵێت بارزانی لەو پەیوەندییەدا سوپاسی و پێزانینی بۆ ڕۆڵی ئەمەریکا دەربڕیوە و جەختیشی "لە بەردەوامیی هاوپەیمانێتی نێوان گەلی كوردستان و ئەمەریكا كردەوە".
لە ماوەی ڕابردوودا تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا بۆ هێنانەدی ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی کاتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە بووە هۆکاری ڕاگرتنی ئەو شەڕەی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسود و ئەشڕەفییەی حەلەبەوە لە نێوان ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا دستیپێکرد.
ڕێککەوتننامەکە بریتییە لە کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەرکەوتن و چوونی هێزە ئاسایشییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناو شارەکانی پارێزگای حەسەکە و شاری کۆبانێ لە پارێزگای حەلەب. هەروەها بریتیشە لە مەرجی "تێکەڵبوونی وردە وردە"ی هێز و دامەزراوە کوردییەکان بۆ دەوڵەتی سوریای تێدایە.
مەسعود بارزانی لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ تۆم باراک جەخت لە بەردەوامی پەیوەندی نێوان کورد و ئەمەریکا دەکاتەوە