دانیشتوانی شاری کۆبانی لە ڕۆژئاوا ڕایدەگەیەنن، سەرەڕای ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سوریا، شارەکەیان لەژێر گەمارۆیەکی قورسدا ماوەتەوە و بەو هۆیەوە پێداویستییە سەرەکییەکان کەمبوونەتەوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و نائارامییەکانی مانگی ڕابردووەوە، کۆبانی لەلایەن هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سوریا گەمارۆ دراوە. سەرچاوە ناوخۆییەکان دەڵێن لە ئەنجامدا زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکان لە شارەکە بڕدراون و بەو هۆیەوە چەند منداڵێک گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژنامەنووس ستێر چەلۆ لە کۆبانیوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، 6-2-2026، بڕێکی دیاریکراو لە خواردن و سەوزە لە بازاڕەکانی شارەکەدا بەردەست بوون، بەڵام بە گشتی پێداویستییە سەرەتاییەکان کەمن.
چەلۆ گوتی، "لە هەمووی نیگەرانکەرتر ئەوەیە شیر بۆ منداڵی ساوا نییە، ئەمەش قەیرانێکی ڕاستەقینە بۆ خێزانەکان دروست دەکات."
ئەو ڕۆژنامەنووسە ناوخۆییە هەروەها ڕایگەیاند، هێشتا کارەبا بە بڕدراوی ماوەتەوە و ئینتەرنێتیش بەردەست نییە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە سەرەڕای بارودۆخی نالەباری کۆبانی، پێویستییەکی بەپەلە بە کەرەستە سەرەکییەکان هەیە.
لەم دواییانەدا بەشێک لە کارمەندانی فریاگوزاری خاچی سووری نێودەوڵەتی چوونە ناو کۆبانی، بەڵام بەرپرسان و دانیشتووانی شارەکە دەڵێن ئەوە بەس نییە، بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر ئاوارەش لەو شارە نیشتەجێ بوون.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، شاندێکی دانیشتوانی کۆبانی لە شاری حەلەب لەگەڵ محەممەد عەبدولغانی فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ کۆبوونەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەت، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی ئەمنی کراوە، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و موڵکەکانی خۆیان.