Accessibility links

لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر مزگەوتێک لە پاکستان 31 کەس دەکوژرێن

بەرپرسانی پاکستان ڕادەگەیەنن خۆکوژێک لە مزگەوتێکی شیعەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان لانیکەم 31 کەسی کوشتووە و 170 کەسی دیکەش بریندار بوون.

عیرفان مەمۆن، جێگری بەرپرسی پۆلیسی ئیسلام ئاباد لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکە لە کاتی نوێژی هەینی لە مزگەوتی ئیمامبەرگە خەدیجە کوبرا ڕووی داوە.

تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا گرووپەکانی وەکو تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP)، دەوڵەتی ئیسلامی و جوداخوازانی بەلووچ بەرپرسیارێتی هێرشیان بە تایبەتی بۆ سەر هێزە ئاسایشییەکانی پاکستان ڕاگەیاندووە.

ئاسف عەلی زەرداری، سەرۆکی پاکستان و شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە، بەیاننامەی جیاوازیان بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیان و برینداران دەربڕی.

زەرداری ڕایگەیاند "بەئامانجگرتنی خەڵکی بێ تاوانی مەدەنی تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە، وڵات لەم کاتە سەختەدا لەگەڵ خێزانە زیانلێکەوتووەکاندا وەستاوە."

شێهباز شەریف ڕایگەیاندووە، فەرمانی داوە لێکۆڵینەوەی تەواو لە هێرشەکە بکرێت، هەروەها "دەبێت ئەو کەسانەی بەرپرسیارن دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن".

ڕاجا نەسیر، سەرکردەیەکی باڵای شیعەکان لە پاکستان لە وەڵامی هێرشەکەدا ڕایگەیاندووە "کردەوەیەکی تیرۆریستی لەم جۆرە لە پایتەختی فیدراڵی نەک هەر شکستێکی جددییە لە پاراستنی گیانی خەڵک بەڵکو پرسیاری گەورەش لەسەر کارکردنی هێز و دامەزراوە ئەمنییەکان دەوروژێنێت."

لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو هێرشێکی خۆکوژی لە شاری ئیسلام ئاباد ڕوویدا و بەهۆیەوە 12 کەس کوژران و 27 کەسی دیکەش برینداربوون. بە گوتەی دەسەڵاتدارانی پاکستان، خۆکوژەکە هاووڵاتییەکی ئەفغانی بووە، بەڵام حکومەتی تاڵیبان هەمیشە ئەو جۆرە تۆمەتانەی دەسەڵاتدارانی پاکستانی ڕەتکردووەتەوە. تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

پێشتر گەورەترین هێرشی خۆکوژی لە ئیسلام ئاباد لە ساڵی 2008 بوو، کە لە هێرشێکدا لە هۆتێل ماریۆت 63 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 250 کەسی دیکەش برینداربوون.

لە پێشهاتێکی جیادا، هێزە ئاسایشییەکانی پاکستان ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە لانیکەم 24 چەکدار لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگای خەیبەر پختونخوا کوژراون. سوپای پاکستان ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە دەزگای خەیبەر، 14 چەکدار و لە دەزگای ئۆراکزای 10 چەکداری دیکەش کوژراون.

هێرشەکەی ڕۆژی هەینی لە پاکستان تەنها هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە ئەندامانی سوپای ڕزگاریخوازی بەلووچ (BLA) چەند هێرشێکی هاوکات لە یەک کاتدا ئەنجامدا لە پارێزگای بەلوچستانی پاکستان کە نزیکەی 50 کەسی تێدا کوژران. کاربەدەستانی پاکستان ڕایانگەیاند کە هێزەکانی پاکستان لە ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە لە کاردانەوە بە هێرشەکانی بەلووچ 216 " تیرۆریست"یان کوشتووە.

XS
SM
MD
LG