Accessibility links

مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەحمەد جەربا تاوتوێی ڕەوشی سوریا دەکات

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە لە هەولێر پێشوازی کرد لە سەرۆکی تەیاری غەدی سوریا، ئەحمەد جەربا.

بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی سوریا کراوە و تاوتوێی دواین پێشهاتەکان کراوە.

لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریادا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە بۆ هەوڵەکانی ئاشتی و دانوستاندنی نێوان لایەنەکان لە هەولێر.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانەی وتارێکیدا لە یازدەهەمین کۆنفرانسی تەندروستی میزۆپۆتامیا بارزانی باسی لە هەوڵەکانی کرد بۆ ڕاگرتنی شەڕێکی گەورە لە سوریا و هیوای خوست ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی کاتیی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک.

بارزانی گوتی "سوپاس بۆ خوا، سوپاس بۆ هەموو لایەنەکانی کە هاوکار بوون، شەڕەکە نەبوو بە شەڕی گەورە، نەبوو بە شەڕی کورد و عەرەب. شتی ناخۆش روویداوە، بەڵام دەیتوانی شتی زۆر زۆر خراپتر رووبدات. ئێستاش رێککەوتنێک بووە لەنێوان براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی سووریا، ئێمە ئومێدەوارین ئەو رێککەوتنە بەردەوام بێت."

هەروەها گوتیشی "لێرەدا من بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی بێپایانی هەموو تاکێکی کورد بکەم لە هەر چوار پارچە و لە دەرەوەش، بۆ ئەو یەکڕیزییە و ئەو بیرە نەتەوەییەی کە بە هیچ شتێک تەقدیر ناکرێ چەند بەقیمەت و چەند توانای بە هەموومان دا."

هیواشی خواست ئەو یەکڕیزییەی کە بەم دواییە کورد نیشانی داوە بەردەوام بێت و گوتی "من ئومێدەوارم ئەو یەکێتییەی کە بینیمان لەسەر ئاستی نەتەوەیی، ئەمە ئیتر ببێتە ئەساسێک بۆ هەموو داهاتوو، بۆ هەموو رووداوێکی کە لەمەودوا ئەگەر رووبدات. ئێمە نامانەوێ بیر لە شەڕ بکەینەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئێمە زۆریی زۆردارانیش قبووڵ ناکەین. ئێمە دووعا دەکەین، تەمەننا دەکەین وەزعەکە بەرەو باشتر بچێت، خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان ئیتر ژیانێکی ئاسوودە ببەنەسەر و ئەوەی پێمان بکرێت ئێمە درێخی ناکەین لە یارمەتیدانیان."

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەل مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ساز کرد.

بارەگای بارزانی ڕایگەیاند لەو پەیوەندییەدا باس لە دواین پێشهاتەکانی سوریا و " هەنگاوەکانی جێبەجێبوونی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کرا."



XS
SM
MD
LG