جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد نابێت ڕێگە بە شێتەکان بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنن و ڕایگەیاند "ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و ئەمە سیاسەتی ڕاگەیەندراوی سەرۆکی ئەمەریکایە."
لە چاوپێکەوتنەکەدا کە ڤیدیۆکەی لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس لەلایەن ویلیام مارتن، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی جێگری سەرۆک بڵاوکراوەتەوە، ڤانس دەڵێت "پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەو هێڵە سوورە جێبەجێ بکرێت؟ بەڕاستی شتێکی پێکەنیناوییە هەندێکجار هەندێک کەس دەڵێن سەرۆک تەنها باسی دیپلۆماسی دەکات و دەڵێن نابێت دانوستان لەگەڵ ئێرانییەکان بکەین و تەنها بۆردومانیان بکەین، بەڵام سەرۆک بژاردەکانی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، قسە لەگەڵ هەمووان دەکات، هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی مەدەنی و ئەگەر هەستی کرد تاکە ڕێگاکە کردەوەی سەربازییە، ئەوا ئەوە هەڵدەبژێرێت."
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە ئەزموونی خۆی سەبارەت بە شەڕی عێراق وتی "من لە نەوەی عێراقدا گەورە بووم، ڕاست دوای 11ی سێپتەمبەر، وەک گەنجێکی ئایدیاڵخواز پەیوەندیم بە هێزی دەریاییەوە کرد و لە ساڵی 2003 ناوم تۆمار کرد، لە ساڵی 2005ش نێردرامە عێراق. بە باشی دەزانم ئەگەر شەڕ بکرێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە زەلکاوێکی ململانێکان کە دەرچوون تێیدا قورس دەبێت. باوەڕم پێ بکەن سەرۆک بەتەواوی بەهەمان شێوە بیردەکاتەوە. ئێمە زۆر باش لەم مەترسییە ئاگادارین، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە سەرۆک هیچ بەرژەوەندییەکی نییە بۆ دووبارەکردنەوەی مێژوو."
ڤانسلە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئەوەی سەرۆک دەیەوێت لێی دڵنیا ببێتەوە، ئەوەیە کە ئێمە ڕێگە نەدەین کەسانی شێت چەکی ئەتۆمییان دەست بکەوێت و دواتر پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی ببینین."
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی کە ڕۆژی چوارشەممە پەخشکرا، ڕایگەیاند " خامنەیی دەبێت زۆر هەست بە مەترسی بکات."
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا کە ئایا خامنەیی دەبێ نیگەران بێت، ترامپ وتی "خامنەیی دەبێ زۆر نیگەران بێت.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەم هەفتەیەدا بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە نێویاندا سیناتۆر لینزی گراهام، وتی هێشتا ماوە بزانرێت ئایا لە ڕاستیدا هیچ شتێک لەم دانوستانانەدا ڕوودەدات یان نا.
سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی "کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوودا دەرفەتی ئەوەی هەبوو لە ڕێگەی دانوستانەوە بگاتە ئەنجامێک، بەڵام دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبوون و ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەومان ئەنجامدا."