کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی سوریا ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی تۆم باراک لە دیمەشق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی و قەتەری واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی یەکەم کێڵگەی نەوت و گاز لە ژێر دەریادا.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا، ڕێککەوتنەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد.
تۆم باراک، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "شەرەفمەند بووم بەوەی شایەتحاڵی ئەم وەرچەرخانە مێژووییەی سوریا بووم سەبارەت بە گەڕان بەدوای غازدا لە دەریاوە."
کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی سوریا گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمەریکایی و پاوەر ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگی قەتەری ئەنجامداوە.
ئاژانسی ئەواڵی سانا سەر بە حکومەتی سوریا ڕایگەیاند گرێبەستەکە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی گاز و نەوتە لەو ناوچە دەریاییانەی دەکەونە چوارچێوەی سنوری دەوڵەتی سوریا. هەروەها گرێبەستەکە ئەو هەوڵە فراوانەکانەش لەخۆ دەگرێت کە پێویستن بۆ پێشخستن و وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی وزەی سوریا.
تۆم باراک هەروەها لە بارەی گرنگی ڕێککەوتنەکە نوسیویەتی، "ڕۆحی نەشکاوی گەلی سوریا و سەرچاوە سروشتییە فراوانەکانی پێکەوە داهاتوویەکی خۆشگوزەرانی و گشتگیری و نوێبوونەوە دروست دەکەن."
یوسف کەبەڵاوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سوریا، ئەمەی بە "گرنگترین" گرێبەستی گەڕان بەدوای وزەی ژێر دەریا لە مێژووی سوریادا ناوبرد.
کەبەڵاوی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی کرد، پرۆسەی گەڕان مەزەندە دەکرێت چوار ساڵ بخایەنێت هەتا کۆمپانیاکان دەگەن بە یەدەگی غاز. وتیشی، "پێش هاوین ئینشائەڵا دەست دەکەین بە کارکردن و هەڵکۆڵین."