Accessibility links

هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی دەکەنە سەر ئامانجەکانی داعش لە سوریا

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێزەکانی چەند ئامانجێکی داعشیان لە سوریا بۆردوومان کردووە و جەخت لەسەر هەوڵەکانی دژی سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپە دەکاتەوە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ ڕایگەیاند لە سێشەممەی ڕابردووەوە پێنج هێرشی بۆ سەر چەندین ئامانجی داعش لە سەرانسەری سوریادا ئەنجامداوە، لەکاتێکدا هێزە هاوبەشەکان بەردەوامن لە فشارە سەربازییەکانیان بۆ دڵنیابوون لە شکستی بەردەوامی ئەم تۆڕە تیرۆریستییە.

هێزەکانی سێنتکۆم چەند شوێنێکی پەیوەندییەکانی داعش و عەمبار و دامەزراوەی هەڵگرتنی چەکیان دەستنیشان کردووە و بە 50 چەکی زیرەک لە ڕێگەی درۆنەوە لەناویان بردوون.

ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، ڕایگەیاند، "لێدانی ئەم ئامانجانە نیشاندەری بەردەوامی سەرنج و ئیرادەمانە بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا."

وتیشی، "کارکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان بۆ دڵنیابوون لە شکستی هەمیشەیی داعش، دەبێتە هۆی سەلامەتتر بوونی ئەمەریکا و ناوچەکە و جیهان."

هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی دەستیانکردووە بە ئۆپەراسیۆنی "هێرشی چاوی هەڵۆ" لە وەڵامی هێرشێکی داعش لە ڕۆژی 13-12-2025 لە ناوچەی پاڵمیرا، کە بووە هۆی کوژرانی دوو ئەندامی خزمەتگوزاری و وەرگێڕێکی ئەمەریکایی.

دوای نزیکەی دوو مانگ لە ئۆپەراسیۆنەکان، زیاتر لە 50 تیرۆریستی داعش کوژراون یان بەدیل گیراون.

هێزەکانی سێنتکۆم لە هێرشێکدا ڕۆژی 16-1-2026 لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بەرپرسێکی داعشیان کوشت بە ناوی بیلال حەسەن ئەلجاسم کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێرشەکەی مانگی دوازدەوە هەبووە.

XS
SM
MD
LG