Accessibility links

موسا ئەحمەد: ڕێگای گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کۆبانی بەستراوە

موسا ئەحمەد بەڕێوبەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی
موسا ئەحمەد بەڕێوبەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کوردەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکانی حەسەکە و کۆبانی ڕووبەڕووی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا بوونەوە و ئەمەش وایکرد دەیان هەزار کەس لەو ناوچانە ئاوارە بن و پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی بێت.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە بەپێی فەرمانێکی مەسعود بارزانی، دامەزراوەکە لە 21ی مانگی یەکەوە بەخێرایی و بەردەوامی هاوکاری گەیاندووەتە خەڵکی ڕۆژئاوا.

موسا ئەحمەد بەڕێوبەری دەزگاکە وتی، "لە ڕۆژانی سەرەتاوە یارمەتییەکانمان گەیاندە ئەو ئاوارانەی کە لە مزگەوت و قوتابخانە و باڵەخانە گشتییەکاندا نیشتەجێ بوون و هاوکاریەکانمان بەسەریاندا دابەشکرد."

بەڵام لەئێستادا ئیدارەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گلەیی لەوە دەکات کە حکومەتی سوریا و نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا ڕێگری دەکەن لەوەی هاوکارییەکان بە خێرایی بگەنە شاری کۆبانی و ئەو ناوچانەی کە زۆرترین پێویستیان بە هاوکاری هەیە.

بەڕێوبەری دەزگاکە ئەوەشی وتیشی "بەداخەوە لە 22ی مانگی یەکەوە حکومەتی کاتی سوریا و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانمان لە سوریا ئاگادار کردۆتەوە کە دەمانەوێت هاوکارییەکانمان بگەیەنینە کۆبانی، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان لەلایەن ئەوانەوە وەرنەگرتووە."

موسا ئەحمەد باس لەوە دەکات کە نووسینگەی خێرخوازی لە حەلەبیشەوە هەوڵی گەیاندنی هاوکارییەکانی بۆ کۆبانی داوە، بەڵام ڕەتیانکردووەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "دەمانەوێ لە هەردوو شاری حەسەکە و حەلەبەوە هاوکاری بگەیەنینە کۆبانی، بەڵام ئەگەر لە حەسەکەوە بێت ئەوە خێراتر دەبێت، چونکە ئەو هاوکارییانە لە هەرێمی کوردستانەوە دێن و دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە شاری دهۆکەوە بگەنە کۆبانی."

دەزگاکە تا ئێستا و لە چەند ڕۆژ و هەفتەی ڕابردوودا دەیان هەزار پاکێجی خۆراکی گەرم و وشکی بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا دابەش کردووە.

موسا ئەحمەد وتی "هەروەها جێگەی نوستن و سووتەمەنی و پێداویستی تەندروستی منداڵان و ماڵان وەک پاکێج بەسەر هەزاران خێزاندا دابەشکراون."

دەزگاکە جگە لە هاوکارییە مرۆییەکان و پێداویستییەکانی ڕۆژانە، هەلی کاریان بۆ سەدان کەس دابینکردووە و لە بەرامبەر کار کردن، پارە دەدەن بەوانەی یارمەتی دەزگاکە دەدەن بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان و دابەشکردنی پێداویستییەکان.

موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد بەردەوام دەبن لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوا، خەڵکیش چالاکانە ئامادەن هاوکاری بکەن.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ماوەی چەند ڕۆژێکە بارهەڵگری هاوکاری لە شارە کوردنشینەکانی تورکیاوە وەک ئامەد، وان، ماردین، نوسەیبین و ئەوانی دیکە ڕەوانەی کۆبانی و ڕۆژئاوا دەکرێن، بەڵام ئەو خاڵە سنوورییانەی تورکیا داینابوو بۆ ڕەوانەکردنی یارمەتییەکان، ئێستا ڕێگرییان لێدەکەن و بارهەڵگرەکان گەڕێنراونەتەوە دواوە.


XS
SM
MD
LG