سەرۆک دانۆڵد ترامپ شەوی پێنجشەممە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکی بە ئەرێنی دایەوە، کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرد ئایا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەگەڵ ئێراندا هیچ قسەی کردووە؟ یان هیچ پلانێکی هەیە بۆ قسەکردن؟
سەرۆک گوتی " هەم قسەم کردوو و هەم پلانیشم هەیە."
گوتیشی " کەشتی زۆر گەورە و زۆر بەهێزمان ڕەوانە کردووە و شتێکی زۆر باش دەبێت ئەگەر بکاری نەهێنین."
سەرۆک ترامپ گوتیشی دوو شتی بە ئێران گوتووە "یەکەم نا بۆ ئەتۆمی! دووهەم کوشتنی خۆپیشاندەران ڕابرگرن. ئەوان بە هەزاران دەکوژن، دوو هەفتە لەمەو بەر لەسێدارەدانی 800 کەسم ڕاگرت."
دەزانی، دوو هەفتە لەمەوبەر 837 لەسێدارەدانم ڕاگرت، بەڵام دەبێت شتێک بکەن. کەس شتێکی لەم شێوەیەی نەبینیوە."
هاوکات بە پێی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک پۆست، پیت هەگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە میانی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی ئەمەریکا،هۆشداری دا بە کۆماری ئیسلامی و جەختی لە هێزی سەربازیی ئەمەریکا و ئیرادەی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا کردووەتەوە.
پیت هەگسێت لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیاند " ئەوان [کۆماری ئیسلامی] نابێت هەوڵی بەدەستهێنانی ئەتۆمی بدەن، ئێمەش ئامادەین هەرچییەک سەرۆک لە وەزارەتی جەنگ چاوەڕێی بکات جێبەجێی بکەین."
پاشان بە شانازییەوە باسی لە ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی ئەمەریکا کرد کە بووە هۆی گرتنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی و بە نمایشێکی بێ وێنەی دەسەڵاتی ئەمەریکا وەسفی کرد.
گوتیشی "هیچ هێزێکی سەربازی لە جیهاندا نەیدەتوانی ئۆپەراسیۆنێکی وا پێشکەوتوو و بەهێز ئەنجام بدات، نەک تەنها لە مێژووی ئەمەریکادا، بەڵکو دەتوانم بڵێم لە مێژووی جیهاندا، هیچ سەرۆکێک ئامادە نەبوو دەسەڵاتی وا بەو سەربازانە بدات".
ناوبراو گوتیشی "ئەمە پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو پایتەختەکانی جیهان دەنێرێت کە کاتێک سەرۆک ترامپ قسە دەکات بە جدییەتی. ئێمەش لە وەزارەتی جەنگ ڕێگرییەکان بونیاتدەنێینەوە."
ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە کە پیت هەگسێت ئاماژەی بە "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو"یش کردووە.
گوتیشی "دەبێت ئەو شێوازەی دوژمنەکانمان هەستمان پێدەکەن، دووبارە بنیات بنێینەوە. وە کاتێک سەرۆک ترامپ وتی، 'ئێمە ئێرانێکی خاوەن ئەتۆمیمان نابێت، ئێوە بۆمبی ئەتۆمیتان نابێت'، مەبەستی ئەو ڕێک ئەوە بوو."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا بوونی هێزی دەریایی خۆی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە باس لەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە ڕێوشوێنی سەربازی لە دژی ڕژێمی ئێران بگرێتەبەر.