Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت پوتن ڕازی بووە هێرشەکانی سەر کیێڤ بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕابگیرێت

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە تایبەتی داوای لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین کردووە، بۆ ماوەی هەفتەیەک هێرشەکانی سەر کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا ڕابگرێت، لە کاتێکدا سەرمایەکی زۆر ناوچەکەی گرتووەتەوە.

لە میانی کۆبوونەوەی مانگانەی کابینەی حکومەتەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی، ترامپ باسی لە بارودۆخی سەختی زستانی ناوچەکە کرد.

سەرۆک ترامپ گوتی "ئەوە سەرمایەکی ئاسایی نییە بەڵکو بێ ئەندازە ساردە" ئاماژەی بەوەشکرد کە پوتین بەو داواکارییە ڕازی بووە.

ترامپ گوتیشی "دەبێت ئەوەش بڵێم، شتێکی خۆش بوو. خەڵکێکی زۆر دەیانگوت، پەیوەندییە (تەلەفۆنەکە) بە فیڕۆ مەدە ئەوە بەدەستناهێنیت. بەڵام (پوتن) ئەو کارەی کرد، و ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئەوان ئەو کارەیان کرد، چونکە لە سەرنی هەموو شتێکەوە نامانەوێت بشبینین مووشەک بەر شارو شارۆچکەکانیش بکەوێت."

وەستانی هێرشەکان بە مەبەستی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی بوو، هاوکاتی دابەزینی پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی هێرشەکانی پێشووتری ڕووسیاوە زیانێکی زۆر بەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا کەوتووە.

لە میانی کۆبوونەوەی کابینەکەی پێنجشەممەدا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی فراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چوار ساڵە "پێشکەوتنی زۆری" بەدەستهێناوە لە میانی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکانی ئەم دواییەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات).

ویتکۆف گوتیشی "لە گفتوگۆکردن لەسەر گرێبەستی زەوی، ئێمە ڕێککەوتنێکی پرۆتۆکۆڵی ئەمنیمان هەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر تەواو بووە، ڕێکەوتنێکی خۆشگوزەرانی کە تاڕادەیەکی زۆر تەواو بووە." گوتیش "پێموایە ئێستا خەڵکی ئۆکرانیا هیوادارن و پێشبینی دەکەن کە بەم زووانە ڕێککەوتنێکی ئاشتی پێشکەش بکەین."

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، ئاشتکردنەوەی هەڵوێستەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا سەبارەت بە ناوچەی دۆنێتسکی ئۆکرانیا هێشتا بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم ڕێککەوتنێکی ئاشتی بە نێوەندگیری ئەمەریکا.

ڕوبیۆ ڕۆژێک پێشتر لەکاتی گەواهیدانیدا لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات وتی "هێشتا ئەمە پردێکە کە دەبێت بەسەریدا تێپەڕین. هێشتا بۆشاییەکە، بەڵام لانیکەم توانیومانە بۆشیایەکان کەمبکەینەوە و بیکەین بە یەک دانەی ناوەندی، و ڕەنگە زۆر سەختیش بێت."

لە ئێستادا ڕووسیا نزیکەی ٨٠% بۆ ٩٠%ی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کۆنترۆڵکردووە کە بە دۆنباس ناسراوە، بەڵام کرێملین داوای کردووە کیێڤ ٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی دیکەی خاکی خۆی ڕادەست بکات کە مۆسکۆ کۆنترۆڵی بەسەریدا نییە.

ڕوبیۆ بە یاسادانەرانی وتووە "یەک بابەتی ماوە ... داواکاری خاکییە لەسەر دۆنێتسک. کرداری چالاکانە بەردەوامە بۆ هەوڵدان بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەتوانرێت بۆچوونەکانی هەردوو لایەن سەبارەت بەم بابەتە یەکبخرێتەوە بکرێتەوە."

دانوستانەکان لەسەر چوارچێوەیەکی ٢٠ خاڵییە کە لەلایەن ئیدارەی ترامپەوە پێشنیار کراوە. ڕوبیو وتی ستیڤ ویتکۆف و زاوای سەرۆک ترامپ، جارێد کوشنەر کە هەردووکیان بەشدارییان لە دانوستانەکانی ئەبوزەبیدا کردووە، بەشداری خولی داهاتووی دانوستانەکان ناکەن، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە دیپلۆماسی ئەمەریکا چالاکە.

دیپلۆماتکاری باڵای ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە گەرەنتییە ئاسایشییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا تاڕادەیەکی زۆر لەلایەن واشنتنەوە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە وتی "پێموایە ئەوان ڕێککەوتوون، لە لایەنی ئێمەوە لە هاوکێشەکەدا. ڕوونە کە دینامیکی ڕووسیا لێرەدا کاردەکات و بێگومان هەر گەرەنتییەکی ئەمنی دوای ململانێکان جیبەجێ دەکرێت."

تا ئێستا ڕوون نییە کەی خولی داهاتووی دانوستانەکان دەستپێدەکات. مۆسکۆ وادەی گفتوگۆی زیاتری ئاشکرا نەکردووە. کیێڤ وتی ڕەنگە خولی داهاتوو لە یەکی دوودا ئەنجام بدرێت، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا ویتکۆف وتی "گفتوگۆکان نزیکەی هەفتەیەکی تر بەردەوام دەبن."

XS
SM
MD
LG