Accessibility links

منداڵێکی 2 ساڵان گڕوتینی کورد بۆ ڕۆژئاوا بەهێزتر دەکات

دیمەنی ڤیدیۆیی منداڵێکی دوو ساڵان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، کە تێیدا دەردەکەوێت مەمەوشکەیەک لە دەمیدایە و ئاڵای کوردستانی لەخۆی ئاڵاندووە و بە گرجوگۆڵی بەشداری لە خۆپیشاندانێکی سلێمانی دەکات بۆ پشتگیری کورد لە سوریا. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک سیمبولی خۆڕاگری کورد باسدەکرێت.

منداڵەکە ناوی مورید گۆرانە و تەمەنی دوو ساڵ و سێ مانگە. ڤیدیۆکەی لە دوێنێوە بە فراوانی بڵاوبووەتەوە، کە لەناو خۆپیشاندانێکی فراوانی دەیان هەزار کەسی دەردەکەوێت کە لە سلێمانی بە دروشمی "یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە" ڕێکخرابوو.

ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنج لای خەڵکی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڤیدیۆکەدا مورید دەردەکەوێت کە زۆر بە جۆشوخرۆشەوە لە سوچێکی شوێنی خۆپیشاندانەکە بە تەنیا ملی ڕێگەی گرتووە.

دایکی منداڵەکە لەو بارەوە بە کەناڵ هەشتی ڕاگەیاند، "زۆر تایبەت بوو ئەو ڕۆژە، هیچ گوزارشتێکی لێ ناکرێت، چونکە مورید هەرگیز جیانەبووەتەوە لێم. بەڵام ئەو ڕۆژە جۆشوخرۆشێکی نیشتمانی وەهای تێدا بوو، نەیدەهێشت بڕۆم لەگەڵی...کە بەو شێوەیە بینیم دڵم پڕ بوو."

کەناڵ هەشت لەبارەی خێزانی منداڵەکە دەڵێت، "مورید گۆران لە بنەماڵەیەک گەورە بووە کە مێژوویەکی درێژیان لە خەبات و قوربانیدا هەیە. ئەم بنەماڵەیە چەندین شەهیدیان لەپێناو کوردستان بەخشیوە و لە ئێستاشدا مام و خاڵەکانی مورید وەک پێشمەرگە لە ئەرکدا بەردەوامن. ئەم پاشخانە خێزانییە وەک سەرچاوەی سەرەکیی دروستبوونی ئەو هەستە نیشتمانییەی مورید لەم تەمەنە بچووکەدا ئەژمار دەکرێت."

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ئینستەگرام و تیکتۆک و ئێکس هەزاران بەکارهێنەری کورد دیمەنی 'خۆپیشاندانەکەی' موریدیان داناوە و بووەتە 'ترێندێکی' فراوان.

کوردانی ئیسرائیلیش شانازی بە مورید دەکەن. ئیمان بارزانی خانمە کوردێکی جوو لە ئیسرائیل لە پێگەکەی لەسەر ئینستەگرام ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە گوزارشت لە شانازی خۆی بە مورید دەکات و بە ئینگلیزی نووسیویەتی،"ڕۆژئاوای کوردستان هەرگیز بە تەنیا نییە. بە سەربەرزییەوە دەڕۆین و داکۆکی لە مافی ڕەوامان دەکەین. لە کاتێکدا کەسانێک هەن دەیانەوێت مێژوومان بنووسنەوە و بیشێوێنن، منداڵەکانمان ئایندە دەنووسنەوە..."

بەردەوامی ئاڵۆزییەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بووەتە هۆی درێژکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی، لە نێوانیاندا منداڵان. بە گوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، تەنها لە شاری گەمارۆدراوی کۆبانی بە لایەنی کەمەوە 5 منداڵی ساوا بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانەوە لەم وەزەی سەرمایەدا گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ڕۆژی 25-1-2026 دەبێت لە سەرجەم پۆلەکانی خوێندن وانەی یەکەم تەرخان بکرێت "بۆ پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان."

وەزارەتی پەروەردە دەڵێت بڕیارەکەی لە چوارچێوەی "هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ هاوسۆزی و پاڵپشتیکردن لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان."

وەزارەتەکە ڕێنمایی داوەتە مامۆستایان لە ناو پۆلەکاندا جەخت لەم دوو خاڵە بکرێتەوە: "یەکەم، خۆشەویستیی نیشتمان: چاندنی ڕۆحی نیشتمانپەروەری لە لای قوتابیان و ناساندنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی. دووەم، پەیامی ئاشتی و یەکڕیزی: دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە گەلی کوردستان هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و پێکەوەژیاندایە، بەڵام لە هەمان کاتدا دژی هەر جۆرە ستەم و هێرشێکە کە بکرێتە سەر بوون و وجودی نەتەوەیی و لە کاتی مەترسیدا وەک کورد هەمووان یەکدەنگ و یەکگرتوون."

جگە لە ڤیدیۆی منداڵە دوو ساڵانەکە، دوو دیمەنی تریش لە سێ هەفتەی ڕابردوودا کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و جیهانیان لێکەوتەوە. دیمەنی یەکەم بریتی بوو لە فڕێدانە خوارەوەی تەرمی شەرڤانێک لەلایەن چەکدارێکی سوپای عەرەبی سوریاوە لە باڵەخانەیەکی حەلەب؛ دیمەنی دووەم بریتی بوو لە ڤیدیۆیەک تێیدا چەکدارێکی عەرەبی سوریا دەردەکەوێت کەزییەکی بەدەستەوەیە و دەڵێت هی تەرمی شەرڤانێکی ژنی کوردە و کردوویەتی بە دەستکەوتی شەڕ.

XS
SM
MD
LG