ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردوەتەوە واشنتن داوای لە حکومەتی بۆلیڤیا کردووە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و گرووپەکانی سەر بەو ڕێکخراوەیە، لەوانە گروپی فەلەستینی حەماس و حزبوڵای لوبنان وەک گرووپە تیرۆریستیەکان دەستنیشان بکات و هەروەها داوای لەو وڵاتە کردووە ئەوانەی گومانیان لێدەکرێت سیخوڕی ئێران بن، لەو وڵاتەکە دەربکرێن.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە حکومەتی ئەمەریکاوە کردووە بۆ پشتڕاستکردنەوەی وردی ڕاپۆرتەکە و بۆ وەرگرتنی وردەکاری زیاتر.
هەندێک لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا دەڵێن بۆلیڤیا بووەتە بنکەیەک بۆ چالاکییە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە بەرفراوانەکانی لە ئەمەریکای باشوور.
بە گوتەی ڕیک دی لا تۆرێ، سەرۆکی پێشووی ئۆفیسی کاراکاسی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا (CIA)، بۆلیڤیا بەهۆی جوگرافیاکەی کە لە ناوەندایە و هەروەها بە هۆی نەبوونی سیاسیەتێکی توند و قورس بۆ چاودێریکردن، هاوشانی نیکاراگوا و ڤەنزوێلا، بە شوێنێکی بەنرخ بۆ تاران دادەنرێت کە لە ڕێگەیەوە پلان دانێت بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ئەنجام بدات.
کاربەدەستانی ئەمنی مەکسیک ساڵی ڕابردوو ڕایانگەیاند پیلانی کارمەندێکی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە کاراکاس بۆ تیرۆرکردنی باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەکسیک پووچەڵ کردوەتەوە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان لەم بابەتە، فشارەکانی واشنتن بۆ سەر بۆلیڤیا بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوانتری ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو، ئیکوادۆر کە هاوپەیمانی ئەمەریکایە، سوپای پاسداران و حەماس و حزبوڵای وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەرجەنتین هەفتەی ڕابردوو هێزی قودسی سوپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کرد.