هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نوێ لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاوە ئەنجامدراوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە "دوو شەڕڤانمان لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بریندار بوون."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێرشەکە لە گوندی سەفا لە باشووری شاری چل ئاغا ڕوویداوە، کاتێک هێزەکانمان فڕۆکەیەکی دیکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە."
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە هەسەدە دەڵێت هێزەکانی حکومەتی کاتیی بەردەوامن لە ئامادەکارییە سەربازییەکانیان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی جەزیرە و باشووری کۆبانی.
بڕیارە سبەی شەممە ئاگربەستی نێوان هەردوولا کۆتایی پێبێت و هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن کە ئاگربەستەکە درێژکراوەتەوە. بەڵام بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی سانا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاندووە، ئەو زانیارییانە دروست نین.
لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕایگەیاندووە، دوو هێرشی جیاواز لە ناوچەی جەزیرە دژی هێزەکانیان ئەنجامدراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، شەڕ و پێکدادان و کردەوە لەشکرییەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی بەتایبەتی لە شاری کۆبانێ.
فەرحان حەق، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێگاکانی چوونە ناو کۆبانێ داخراون و شارەکە گەمارۆدراوە.
گوتیشی "ئەو گەمارۆیانە بووەتە هۆی بڕینی ئاو و کارەبا و ئینتەرنێتی بۆ شارەکە، تیمەکانی سەر زەوی دەڵێن خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان کەم دەبنەوە".