Accessibility links

تیکتۆک چوارچێوەیەکی نوێی کارکردنی لە ئەمەریکا ڕاگەیاند

تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک ڕایگەیاند گەیشتووەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ بەردەوامی کارەکانی بە "بە پڕۆژەیەکی نوێوە" کە تێیدا نیگەرانییەکانی حکومەتی ئەمەریکا سەبارەت بە تایبەتمەندی بەکارهێنەران و ئاسایشی نیشتمانی چارەسەردەکات.

کۆمپانیاکە ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، زانیارییەکانی بەکارهێنەرانی ئەمەریکی لەسەر سیستەمێک دەپارێزن کە لەلایەن کۆمپانیای ئەمەریکایی ئۆراکڵ بەڕێوەدەبرێت.

بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، کۆمپانیای ئۆراکڵ و سیلڤەر لەیکی ئەمەریکایی لەگەڵ کۆپانیای ئێم جی ئێسی ئیماراتی بەیەکەوە دەبنە خاوەنی 15٪ لە پشکەکانی تیکتۆک؛ هەروەها کۆمپانیا خاوەندارە سەرەکییەکەی لە چین، بایتە دانس، بە ڕێژەی 19.9٪ی پشکەکانی لا دەمێنێتەوە.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ، ڕۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکی سۆشیال میدیای تروثدا پێشوازی لە هەنگاوەکە کرد و ڕایگەیاند، "زۆر دڵخۆشم کە یارمەتی پاراستنی تیکتۆکم داوە لە داخستنی لە ئەمەریکا! ئێستا تیکتۆک لەلایەن کۆمەڵێک نیشتمانپەروەر و وەبەرهێنەری گەورەی ئەمەریکاییەوە خاوەندارێتی دەکرێت."

ترامپ وتیشی، "تەنها هیوام ئەوەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لە داهاتوودا لە بیرەوەری ئەو کەسانەدا بمێنمەوە کە تیکتۆک بەکاردەهێنن و خولیای دەکەن."
هەروەها تیکتۆک ڕایگەیاند دەستەی بەڕێوەبەری کە پێکهاتووە لە حەوت کەس زۆرینەیان ئەمەریکایی دەبن.

پێشتر حکومەتی ئەمەریکا هەڕەشەی داخستنی تیکتۆکی دەکرد لە خاکی ئەمەریکا بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی حکومەتی چین بەکاری بهێنێت بۆ سیخوڕیکردن بەسەر هاوڵاتیانی ئەمەریکادا. ئەم بڕیارە کۆتایی بە نزیکەی ساڵێک لەم کێشمەکێش دەهێنێت و تیکتۆک ڕزگاردەکات لە داخستن.

XS
SM
MD
LG