Accessibility links

واشنتن پشتیوانی لە دەستڕاگەیشتنی خەڵکی ئێران بە ئینتەرنێت دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕۆژی سێشەممە 20ی مانگی یەک، جەختی لە پشتیوانی واشنتن کردەوە بۆ دەستڕاگەیشتنی خەڵکی ئێران بە ئینتەرنێت.

ئەو وەزارەتەی حکومەتی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە سزاکانی ئەمەریکا "حکومەتی ئێران دەکەنە ئامانج نەوەک خەڵکەکەی و هەر بۆیەش سزاکانی ئەمەریکا، مۆڵەتی D-2ی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیاکان کە یارمەتی خەڵکی ئێران دەدەن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ جیهاندا، ناگرێتەوە."


لە درێژەی نووسینەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتووە کە "دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت ئازادی ڕادەربڕین کارا دەکات و ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات. ڕێژیمی ئێران هەوڵدەدات ئینتەرنێت دابخات، چونکە ترسی هەیە. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە دەستڕاگەیشتنی خەڵکی ئێران بە ئینتەرنێت."

لەکاتێکدا پچرانی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندی لە ئێران پێیان خستووەتە 13 ڕۆژی خۆیەوە، نێتبلۆکس، ڕێکخراوی چاودێری ئینتەرنێت، ڕۆژی سێشەممە 20ی مانگی یەک لە ڕاپۆرتێکی نوێدا نووسیویەتی، "پچرانی ئینتەرنێتی سەرتاسەری لە ئێراندا ڕێژەی 280 کاتژمێری تێپەڕاندووە و ئەو وڵاتە کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 90 ملیۆن کەسە، بۆ سێزدەهەمین ڕۆژی لەسەریەک لە پەیوەندییە جیهانییەکان دابڕاوە.

ئەو رێکخراوە هەروەها نووسیویەتی، "بەردەوامبوونی داخستنی ئینتەرنێت وایکردووە خێزانەکان و هاوڕێیان نەتوانن لە دۆخی یەکتر ئاگادار ببنەوە."


خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران کە سەرەتا بە هۆی خراپی باری ئابوورییەوە دەستیان پێکرد و بە ماوەیەکی کەم ڕەوتێکی سیاسییان وەرگرت، لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بە توندترین شێوە سەرکوت کراون و هەزاران کەس تێیاندا کوژران و هەر لەگەڵ فراوانبوونی ئەم خۆپیشاندانانەش، حکومەت ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندی نێو ئێرانی پچراند.

XS
SM
MD
LG