Accessibility links

یەکەمین ساڵیادی بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ و سیاسەتی "ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێک"

دوای ساڵێک لە گەڕانەوەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ بۆ سەر دەسەڵات، کۆشکی سپی و هاوپەیمانە نزیکەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ساڵی یەکەم بە "گەڕانەوەی دەسەڵات" و بەدیهێنانی دروشمی "یەکەمجار ئەمەریکا" ناودێر دەکەن.

لە یەکەم ساڵیادی سەرۆکایەتی جاری دووهەمی دۆناڵد ترامپدا، ئەکاونتی فەرمی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە 20ی مانگی یەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "ساڵێک لەمەوبەر هەموو شتێک گۆڕا. دەسەڵات گەڕایەوە. یەکەمجار ئەمەریکا گەڕایەوە. سەردەمی سەرکەوتن گەڕاوەتەوە و ئەمە تەنها سەرەتایەکە و با جارێکی دیکە ئەمەریکا مەزن بکەینەوە."


هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە پەیامێکدا لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی، "سەرۆککۆمار لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا سەروەری نیشتمانی ئەمەریکای بە شێوەیەکی بوێرانە، بە پەیرەوکردنی سیاسەتی ئاشتی لە پێگەی هێزەوە، بەدیهێناوە."

مارکۆ ڕوبیۆ بە دووپاکردنەوەی دروشمی لەمێژینەی سەرۆک ترامپ، نووسیویەتی بەهۆی "سەرکردایەتی بەهێزی ئەوەوە، هاوپەیمانان ڕێزمان لێدەگرن، دوژمنان لێمان دەترسن و گەلی ئەمەریکاش لە پێش هەموو شتێکەوەیە" و لە کۆتایشدا دەڵێت "بەڵێنەکان دران و بەڵێنەکان جێبەجێکران."


ئەم لێدوانانە وێنەی سەرۆکێک پیشان دەدات کە سازش ناکات، بەڵکو ئیرادەی خۆی جێبەجێ دەکات و بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا زاڵ دەبێت کە لە ڕێگای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا سەوز بوون.

یەکەم ساڵی سەرۆکایەتی ترامپ بە زنجیرەیەک بڕیاری گەورە بەڕێوەچوو. لە شەپۆلێکی نوێی سەپاندنی باجی گومرگی و ئەو داهاتەی بۆ ئەمریکا دروستی دەکات هەتا دەگاتە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە شارەکانی ئەمەریکا یان تێکەڵکردن و نەهێشتنی هەندێک دامەزراوە و ڕێکخراو و لە کۆتاییشدا، دەستگیرکردنی دیکتاتۆری ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ و گواستنەوەی بۆ ئەمەریکا بۆ دادگاییکردن، کە هەموو ئەمانە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا جێبەجێکران.

سەرۆک ترامپ سێ ساڵی دیکەی خولی دووەمی لەپێشە و لەم سێ ساڵەشدا خۆی و ئەمەریکا بەرهەمی سیاسەتی "ئەمەریکا مەزن بکەینەوە" ئەزموون دەکەن.

XS
SM
MD
LG