سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی تایبەتی سەرۆکی فەرەنسا بڵاودەکاتەوە کە تیایدا ئیمانوێل ماکرۆن باسی لە چەند پرسێکی گرنگی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
لە پەیامەکەدا ماکرۆن لەبارەی ئێرانەوە بۆ سەرۆکی ئەمەریکای نووسیووە "دەتوانین کرداری گەورە لەبارەی ئێرانەوە ئەنجامبدەین." ماکرۆن سەبارەت بە سوریاش لەنامەکەدا ئاماژەی بە هاوئاهەنگی ئەمەریکا و فەرەنسا لەو بارەیەوە کردووە و هەروەها ئاماژەی بە ناڕوونی سیاسەتی ترامپ بەرامبەر بە گرینلاند کردووە.
سەرۆکی فەرەنسا لە نامەکەدا پێشنیاری بە سەرۆکی ئەمەریکا کردووە لەم هەفتەیەدا دوای بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، سەردانی پاریس بکات و لەگەڵ سەرکردەکانی گروپی حەوت پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئێوارەخوانێک.
پرسی ئێران لە ئیستادا بۆتە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا
سەرۆک ترامپ هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، هۆشداری دایە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کوشتنی خۆپیشاندەران و ڕایگەیاند ئەمەریکا هەنگاو دەنێت.
کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا، پێنجشەممە و هەینی، 8 و 9ی مانگی یەک، هەزاران خۆپیشاندەری لە ئێران کوشتووە.
کەناڵی سی بی ئێس نیوز ژمارەی کوژراوانی ئێرانی لە نێوان 12 بۆ 20 هەزار کەس خەمڵاندووە و ڕۆژنامەی سەندەی تایمزی لەندەنیش بە پشتبەستن بە وتەی پزیشکان بڵاویکردووەتەوە کە لانیکەم 16 هەزار و 500 خۆپیشاندەر لە ئێران کوژراون و نزیکەی 330 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیوم بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان بڵاویکردوەتەوە هەنگاوی گەورە سەبارەت بە ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە دەنرێت و ئەوەی ماوەتەوە تەنها پرسی کاتەکەیەتی. سەرۆکی ئەمەریکا سوورە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمێک کە بەڕای ئەو بەربەستێکی ڕژدە لەبەردەم هەر پێشکەوتنێکی سیاسی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەروەها لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، ترامپ "کات دەکڕێت" بۆ ئەگەری کردەوە دژی کۆماری ئیسلامی و ئەگەری هەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا و لەگەڵ تەواوبوونی ئامادەبوونی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ئەوە ڕووبدات.
وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە هەموو بژاردەکان بە کردەوەی سەربازیشەوە هێشتا لەسەر مێزن بۆ سەرۆکی ئەمەریکا. هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن ئەمەریکا خەریکی گواستەنەوەی کەرەستەیەکی سەربازیی زۆرە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ماکرۆن بۆ ترامپ: لەسەر سوریا کۆکین و دەتوانین کاری گەورە لەبارەی ئێران بکەین