به ڕپرسانی عێراق ڕۆژی شه ممە، 17ی مانگی یەک ڕایانگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا بە تەواوی له بنکه ی ئاسمانی عەین ئەسەد کشاونەتەوە وهێزەکانی خۆیان لەو بنکەیە جێگیر کردووە.
به پێی ڕێککەوتنێک لە نێوان بەغداد و واشنتن لە ساڵی 2024، بڕیاربوو تا مانگی نۆی ساڵی 2025 ،هاوپەیمانی دژ بە گرووپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق وردە وردە کۆتایی پێبێت و هێزەکانی ئەمەریکا ئەو بنکانە بەجێبهێڵن کە تێیدا جێگیربوون، بەڵام یەکەیەکی بچووک لە ڕاوێژکارە سەربازییەکان و هێزی پشتیوانی ئەمەریکا لەو بنکانەدا مابوونەوە.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند بەپێی ڕێککەوتنی سەرەتایی بڕیاربوو تا مانگی دەی هەمان ساڵ سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بەجێبهێڵن.
بەڵام بە گوتەی سودانی، پێشهاتەکانی سوریا پێویستی بەوە بوو کە یەکەیەکی بچووک کە لە 250 بۆ 350 ڕاوێژکار و هێزی ئەمنی پێکهاتبوو، لە بنکەکەدا بمێننەوە.
ئێستا هێزەکانی ئەمەریکا بنکەکەیان بەجێهێشتووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای عێراق، ژەنەڕاڵ عەبدولئەمیر یارەڵا، سەرۆکی ئەرکانی ئەو وڵاتە، سەرپەرشتی دابەشکردنی ئەرکەکانی نێوان یەکە سەربازییە جیاوازەکانی ئەو بنکەیە لە ئەستۆ گرتووە.
ژەنەراڵێکی سوپای عێراق کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لە بنکەکە پشتڕاستکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆکاری لۆجستییەوە ژمارەیەکی کەم لە کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا هێشتا لە بنکەکە ماونەتەوە. ئەم بەرپرسە بە هۆکاری ئەمنی وردەکاری زیاتری لەو بارەیەوە نەخستەڕوو.
هەروەها ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕۆژی یەکشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی عەین ئەسەد کشاونەتەوە و گوازراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەرپرسێکی ئەمەریکایی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە کشانەوەی هێزەکانیان هەینی ڕابردوو تەواو بووە.تا ئێستا سوپای ئەمەریکا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی لە عەین ئەسەد هیچ بەیاننامەی بڵاونەکردۆتەوە.
عەین ئەسەد هەمان ئەو بنکەیەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی ئەوکاتی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە ساڵی 2019 لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرایە ئامانج. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای هێرشەکە ڕایگەیاند کە تاران پێشوەختە بەرپرسانی ئەمەریکای لە نیازی هێرشکردنەکە ئاگادارکردۆتەوە.
هاوکات کشانەوەی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عەین ئەسەد لەلایەن هەندێک لە سەرچاوە میدیایی و شرۆڤەکارانەوە وەک نیشانەی نیازی واشنتن بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لێکدەدەرێتەوە.