Accessibility links

ئەمەریکا لەسەر ئێران ڕەخنە لە ئەفریقای باشوور دەگرێت


ئەمەریکا ڕەخنە لە ئەفریقای باشوور دەگرێت کە ڕێگەی بە کەشتییە جەنگییەکانی ئێران داوە مەشق و ڕاهێنان لە ئاوەکانیدا ئەنجام بدەن، لە کاتێکدا تاران بەردەوامە لە سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران.

ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕەخنەی لە ئەفریقای باشوور گرت کە ڕێگەی بە کەشتییە جەنگییەکانی ئێران داوە بەشداری لە مانۆڕێکی دەریایی لە ئاوەکانیدا بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە ژمارەی کوژراوان بەهۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی حکومەتی تاران دژ بە خۆپیشاندەرانی ناڕازی، کە زیاتر لە 20 ڕۆژە بەردەوامە، زیاد دەکات.

لە بەیاننامەیەکی کورتدا کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە باشووری ئەفریقا بڵاوکراوەتەوە، واشنتن ڕایگەیاندووە، وەزیری بەرگری ئەفریقای باشوور، ئانجی مۆتشێکگا، سەرپێچی لە فەرمانێکی حکومەت کردووە سەبارەت بە بەشداریکردنی ئێران لە مانۆڕە دەریاییەکاندا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە, "ئێران ئەکتەرێکی هۆکاری ناسەقامگیری و وڵاتێکی سپۆنسەری تیرۆرە و بەشداریکردنی لە مەشقە هاوبەشەکاندا، بە هەر شێوەیەک بێت، ئاسایشی دەریایی و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات."

ماوەی 20 ڕۆژە شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر بەو ڕژێمە ئیسلامییە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بەردەوامە. وەک ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیانی ڕۆژنامەوان بەڵگەیان کردووە، هێزەکانی ئێران بە کوشتنی بەکۆمەڵ و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی وەڵامی خۆپیشاندانەکانیان داوەتەوە.

ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەفریقای باشوور "ئەوە هەڵدەبژێرێت لەگەڵ ڕژێمێکدا بوەستێت کە بە شێوەیەکی دڕندانە گەلەکەی سەرکوت دەکات و بەشداری تیرۆر دەکات."

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەفریقای باشوور دەشڵێت ئەمە بە تایبەتی شتێکی "بێویژدانییە کە ئەفریقای باشوور پێشوازی بکات لە هێزی ئاسیشی ئێرانی لە کاتێکدا ئەوان ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانە دەکوژن، دەستگیردەکەن و ئەشکەنجەدەدەن بەهۆی بەشدارییان لە چالاکی سیاسی ئاشتیانە کە ئەفریقای باشوور بۆخۆی خەباتێکی زۆری کردووە بۆ بەدەستهێنانی. دەشڵێت، "ئەفریقای باشوور ناتوانێت وتارێک بۆ جیهان بدات لەسەر 'دادپەروەری' لەکاتێکدا خۆی لەگەڵ ئێراندا کۆدەبێتەوە."

وەزارەتی بەرگری ئەفریقای باشوور لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە مۆتشێکگا دەستەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە تا بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و بزانێت ئایا ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەفریقای باشوور سیریل ڕامافۆسا بەهەڵە لێکدراونەتەوە یان پشتگوێخراون.

مەشقەکە ناوی لێنراوە "خواستی مەشقکردن بۆ ئاشتی 2026"، لە 9ی مانگی 1 دەستیپێکردووە و هێزە دەریاییەکانی ڕووسیا و چین و وڵاتانی دیکەی ئەندامی بریکس بەشدارن تیایدا.

XS
SM
MD
LG