Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر چەند کەسایەتییەکی دیاری ئێران کە دەستیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەراندا بووە


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بە هۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، سزا بەسەر بەرپرسانی باڵای ئەو ڕژێمەدا دەسەپێنێت، لەوانە بەسەر عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی و فەرماندەکانی هێزی پۆلیس لە چەند شارێکی ئەو وڵاتە و هەروەها تۆڕێک لە کۆمپانیا و کەسانی بەشدار لە سپیکردنەوەی پارەی داهاتی نەوت و پترۆکیمیای ڕژێم.

سزاکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 15ی مانگی یەک لەلایەن فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC)ەوە سەپێندراون ، ئەمەش هاوکاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە لە سەرەتای مانگی یەکەوە لە سەرانسەری ئێران دەستیپێکرد و بەردەوامن.

خۆپیشاندەرانی ئێرانی کە بە هۆی قەیرانی ئابووریی بەربڵاوی وڵاتەکە هاتوونەتە سەر شەقامەکانی ئێران و داوای ئازادییە سەرەتاییەکان و باشترکردنی ئابوورییەکەیان دەکەن، ڕووبەڕووی سەرکوت و کوشتارێکی بێ وێنە لە لایەن ڕژێمەوە بوونەتەوە و لە ئەنجامدا دەیان کەس کوژراون یان برینداربوون یانیش دەستبەسەر کراون.

سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەمەریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی خەڵکی ئێران دەکات بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری.


بەسێنت وتی بە فەرمانی سەرۆک ترامپ، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزا بەسەر سەرکردە سەرەکییەکانی [رژێمی] ئێراندا دەسەپێنێت کە دەستیان لە سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی ئێراندا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هەموو ئامرازێکی لەبەردەستی خۆیدا بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بکاتە ئامانج کە بەشدارن لە پێشێلکردن و سەرکوتکردنی دڕندانەی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمەوە.


XS
SM
MD
LG