هاوکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ئێران ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ڕایدەگەیەنن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حزبە کوردییەکان هەوڵیان داوە لە سنووری عێراقەوە دەربازی ئێران بن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەوە کە دەڵێت یەکێک لەوانە کاربەدەستێکی باڵای ئێرانە، ڕایگەیاندووە میتی تورکیا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئیرانی لەو زانیارییانە ئاگادار کردووەتەوە.
سەرچاوەیەک لە ناو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئاگاداری هیچ کارێکی لەو جۆرە نین بەڵام گوتیشی " ئاگاداری حزبەکانی دیکە نین."
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کام لە حزبە کوردییەکانی ئێران بە فەرمی ئەوەیان ڕانەگەیاندووە کە هێزیان ناردبێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران.