Accessibility links

دۆناڵد ترامپ: پێمان گوتراوە کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران ڕاگیراوە، ئێمەش لێکۆڵینەوەی لێدەکەین  


دۆناڵد ترامپ، ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی بە میدیاکارانی ڕاگەیاند "پێمان وتراوە کە کوشتنەکان (لە ئێران)، ڕاگیراون لە ڕاگیراندان. هەروەها هیچ بەرنامەیەک بۆ لەسێدارەدان یان لەسێدارەدانەکان لە ئارادا نییە. سەرچاوەی متمانەپێکراو پێی ڕاگەیاندووین و ئێمەش لێی دەکۆڵینەوە."

گوتیشی دڵنیام ئەگەر کوشتن و لەسێدارەدانەکان ڕووبدەن "هەموومان زۆر خەمبار دەبین ئێوەش ناڕەحەت دەبن، بەڵام من ئەمەم پێگەیشتووە. ئەو زانیارییەی کە کوشتنەکە ڕاوەستاوە ئەوەی کە لەسێدارەدانەکان وەستاون و پلان نییە هیچ لەسێدارەدانێک ئەنجام بدرێت، ئەوەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر زۆر خەڵک باسی لێوەدەکرد. چاوەڕوان دەکرا ئەمڕۆ ڕۆژی لەسێدارەدان بێت."

سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵاتی تروث پەیامێکی بڵاو کردەوە و داوای لە خۆپیشاندەرانی ئێرانی کرد کە بەردەوام بن لەسەر ناڕەزایەتیەکانیان و دەستبگرن بەسەر دامودەزگاکانیاندا و گوتیشی " هاوکاری بەڕێوەیە."

لە دەقی پەیامەکەیدا ترامپ گوتی "ئێرانییە نیشتمانپەروەرەکان، بەردەوامبن لە ناڕەزایەتییەکانتان - دەستبگرن بەسەر دامودەزگاکان!!! ناوی بکوژ و دەستدرێژیکاران هەڵبگرن. باجێکی گەورە دەدەن. هەموو کۆبوونەوەکانم لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران هەڵوەشاندەوە هەتا ئەو کوشتنکارییە دڕندانەیە لە دژی خۆپیشاندەران ڕادەگیرێت. یارمەتییەکان بەڕێوەن! ئێران مەزنبکەنەوە!!!

پیشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆمەڵێک پەیام و وێنە و ڤیدیۆیی لە هەژماری فارسی زمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاو کردەوە. پشتیوانییەکانی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دووپاتکردەوە و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە مەحکوم کرد.

لە یەکێک لە پەیامەکاندا نوسرابوو: " ئەمەریکا لەگەڵ گەلانی ئێراندا وەستاوە و هاواریان لەگەڵدا دەکات بۆ ئازادی و دیموکراسی."

لە بەشێکی دیکەی ئەو لێدوانانەدا، داخستنی ئینتەرنێت وەک ئامرازێک بۆ شاردنەوەی ئەو سەرکوتکردنانە ڕەخنەی لێگیراوە و جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە "ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی دڕندەیی خۆی ئینتەرنێت دادەخات، بەڵام بۆ خۆی بە پەیوەندییەوە دەیهێڵێتەوە بۆ ئەوەی درۆ بە جیهاندا بڵاوبکاتەوە. بەڵام جیهان چاوی لێیە و ڕاستییەکان دەزانێت."

هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە واشنتن وێڕای ئاشکراکردنی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، زیندانییە سیاسییەکانی لەبیر نەکردووە. لە پەیامەکەدا هاتووە لە کاتێکدا ئێمە توندوتیژیی ئێوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئاشکرا دەکەین، وا مەزانن ئەو زیندانییە سیاسیانەمان لەبیرکردووە کە تەنانەت پێش ئەو ناڕەزایەتیانەش زیندانی کراون و داوای ئازادکردنی دەستبەجێیان دەکات.

XS
SM
MD
LG