Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کۆماری ئیسلامی: تەنها ڕژیمێکی لاواز بۆ مانەوەی خۆی پەنا بۆ ئەو هەموو توندوتیژییه دەبات


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە زنجیرەیەک پەیام و وێنە و ڤیدیۆ کە لە هەژماری فارسی زمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، بۆ چەندین جار پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دووپاتکردووەتەوە و بە توندی سەرکوتکردنی خوێناویی خەڵکی ئێرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سەرکۆنە کردووە.

وەزارەتەکە لە یەکێک لە پەیامەکاندا دەڵێت "ئەمەریکا لەگەڵ خەڵکی ئێراندایە و لەگەڵیان هاوار دەکات بۆ ئازادی و دیموکراسی."

دەشڵێت "تەنیا ئەوەتان لەبیربێت کە تەنیا ڕژێمێکی لاواز پێویستی بەم ئاستە لە توندوتیژی هەیە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکاندا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەکارهێنانی دەستەواژەکانی وەک "ئاژاوگێڕ" و "تیرۆریست"ی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە بۆ خۆپیشاندەران سەرکۆنە دەکات و نووسیویەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت بە بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە جیهان فریوو بدات و بەکارە تەنیا پاساو بۆ توندوتیژیییەکانی دەهێنێتەوە و هیچی تر.

وەزارەتەکە هەروەها وێنە و گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە خۆپیشاندەران پیشان دەدرێت و جەختی لەوە کردوەتەوە "کاتێک ڕژیمێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی بێ چەک پێویستی بە چەک هەیە، ئەوە هێز نییە؛ ئەوە ترس و ترسنۆکییە. هێزی ڕاستەقینە لای خۆپیشاندەرە بێ چەکەکانە کە بەرامبەر ئەم دڕندەییە دەوەستنەوە."

وەزارەتی دەرەوە هەروەها ئاماژه بە ڕاگەیاندنی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی کۆماری ئیسلامی بۆ هێزه ئەمنییە کوژراوەکانی دەکات و نووسیویەتی "ماتەمینی بۆ ستەمکاران، گوله بۆ خەڵک؛ ئەمەیە ڕوانینی کۆماری ئیسلامییە بۆ دادپەروەری."

لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە "ئێوە ناتوانن لە کاتێکدا خوێنی خەڵکی بێتاوان لە شەقامەکاندا دەڕێژن، ماتەمینی بۆ ئەنجامدەرانی تاوانەکان بگێڕن."

لە بەشێکی دیکەی ئەو لێدوانانەدا، داخستنی ئینتەرنێت وەک ئامرازێک بۆ شاردنەوەی ئەو سەرکوتکردنانە ڕەخنەی لێگیراوە و جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە "ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی دڕندەیی خۆی ئینتەرنێت دادەخات، بەڵام بۆ خۆی بە پەیوەندییەوە دەیهێڵێتەوە بۆ ئەوەی درۆ بە جیهاندا بڵاوبکاتەوە. بەڵام جیهان چاوی لێیە و ڕاستییەکان دەزانێت."

هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە واشنتن وێڕای ئاشکراکردنی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، زیندانییە سیاسییەکانی لەبیر نەکردووە. لە پەیامەکەدا هاتووە لە کاتێکدا ئێمە توندوتیژیی ئێوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئاشکرا دەکەین، وا مەزانن ئەو زیندانییە سیاسیانەمان لەبیرکردووە کە تەنانەت پێش ئەو ناڕەزایەتیانەش زیندانی کراون و داوای ئازادکردنی دەستبەجێیان دەکات.

XS
SM
MD
LG