Accessibility links

دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بکات، باجی %25ی بەسەردا دەسەپێندرێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بکات ئەوا چ کاڵایەکی هەناردەی ئەمەریکا بکرێت 25% باجی لەسەر وەردەگیرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی تروث سوشال ڕۆژی دووشەممە ئەم بڕیارەی ڕاگەیاند کە تیایدا نووسیویەتی، "دەستبەجێ و لە ئێستاوە، هەرچ وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بکات دەبێت بە ڕێژەی 25% گومرگ بدات لەسەر هەر مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا. ئەمە بڕیارێکی کۆتایی‌ و یەکلاکراوەیە. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم پرسە!"


بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران پێیان خستووەتە سێهەم هەفتە و سەرەڕای سەرکوتکردنی خوێناوی و چەند ڕۆژێک لە پچڕانی پەیوەندییەکان، گرتە ڤیدیۆییە سنووردارەکان ئامادەبوونی خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکان نیشان دەدەن.

هاوکات ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بەکارهێنانی چەکی ئاگرین لە دژی خۆپیشاندەران وهەروەها زیادبوونی ژمارەی کوژراو و بریندار و دەستگیرکراوان دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا له نزیکەوە چاودێری دۆخی ئێران دەکات و تاوتوێی کۆمه ڵێک بژاردەی بەهێز دەکات.

ئاماری وردی کوژراوانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران هەتا ئێستا ڕوون نییە، بەڵام ڕاپرسی و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێدەچێت ژمارەی قوربانییەکان زۆر زیاتر بێت لەو ئامارانەی کە گرووپەکانی مافی مرۆڤ پشتڕاستیان کردووەتەوە؛ بەڵام سەرەڕای توندوتیژی دڕندانەی حکومەت، خۆپیشاندەران بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین لە سەر شەقامەکانی شارە جیاوازەکان و خەبات بۆ ئازادی دەکەن.

بە گوێرەی گۆڤاری تایم و بە پشتبەستن بە گرووپێکی ئەکادیمی نافەرمی کە لە توێژەران و پسپۆڕانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات پێکهاتووە، ژمارەی کوژراوەکان بە تەنیا لە سێ ڕۆژی یەکەمدا بە نزیکەی 6 هەزار و 178 کەس مەزەندە دەکرێت؛ خەمڵاندنێک کە ئەگەر ورد بێت، ئاماژەیە بۆ خوێناویترین سەرکوتکردنی حکومەت لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا.


XS
SM
MD
LG