سەرۆک ترامپ لە گەشتێکی ئاسمانیدا ڕۆژی یەکشەممە لە فلۆریداوە بەرەو واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی وت، "ئەگەر گرینلاند نەبەین - ڕووسیا یان چین دەیبات - ئینجا من ڕێگە نادەم ئەوە ڕووبدات." ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتن باشترین ڕێگا دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئەمە و لە دوای دەستبەکاربوونی لە خولی دووەمیدا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە گرینلاند بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا پێویستە.
گرینلاند ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەرییە کە حکومەتی دانیمارک دەسەڵاتی سەروەری بەسەردا هەیە و کۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەوە و بەرگری ناوچەکە دەکات.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، "سەیرم کردووە، ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەوان بکەم، ئەوە ئاسانترە. بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت، ئێمە گرینلاندمان دەبێت." وتیشی، "من ئەو کەسەم کە ناتۆم ڕزگار کرد، من ئەو کەسەم کە وای لێکردن پێنج خاڵ بدەن، واتا لەسەدا پێنجی بەهای بەرهەمی ناوخۆییان بدەن."
هەفتەی ڕابردوو کۆشکی سپی بۆ چەند جارێک دووپاتیکردەوە هەموو بژاردەکان کراوەن بۆ سەرۆک ترامپ و ئەمەریکا سەبارەت بە بەدەستهێنانی گەورەترین دوورگەکەی جیهان، گرینلاند، لە نێویاندا بژاردەی سەربازی، لەگەڵ ئەگەری کڕینی ئەم خاکەی جەمسەری باکور.
کاتێک پەیامنێرێک ڕۆژی یەکشەممە پرسیاری لێکرد ئایا هیچ ئۆفەرێکی پێشکەش کردووە بۆ کڕینی گرینلاند، سەرۆک لە وەڵامدا وتی، "من ئەوەم نەکردووە، بەڵام گرینلاند پێویستە ئەو سەودایە بکات، چونکە گرینلاند نایەوێت ببینێت ڕووسیا یان چین دەستی بەسەردا بگرن. ئەوان ئەوەیان ناوێت ... ئینجا توانای بەرگری گرینلاند بریتییە لە دوو گالیسکەی سەگ. ئایە ئەمە دەزانن؟ دەزانن توانای بەرگرییان چییە؟ دوو گالیسکەی سەگ. لە هەمان کاتدا، وێرانکەر و ژێردەریاییەکانی ڕووسیا و وێرانکەر و ژێردەریاییەکانی چین لە هەموو ئەو ناوچەیەدا هەن. ئێمە ڕێگە نادەین ئەوە ڕووبدات."
سەرۆک دۆناڵد ترامپ: ئەگەر ئەمەریکا دەست نەگرێت بەسەر گرینلاند، ئەوا ڕووسیا یان چین دەستی بەسەردا دەگرن