Accessibility links

کاردانەوەی کاربەدەستانی ئەوروپا بەرامبەر بە سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپیشاندەران لە ئێران

دوابەدوای چڕبوونەوەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە سەرتاسەری ئێران و بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ژمارەی بەرزی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان، شەپۆلێکی سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئەوروپا و کەسایەتییە سیاسییەکانەوە دەستیپێکردووە.

بەرپرسانی ئەوروپا وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵک بۆ ئازادی، هۆشدارییان داوە لە بەردەوامی توندوتیژی و لەسێدارەدانی خەڵک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

ئۆلۆف کریستێرسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی سەرکۆنە کرد و ڕاپۆرتەکانی کوشتنی خۆپیشاندەرانی بە "ترسناک" ناودێر کرد.

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە سوید لە خەباتی ئازادیدا لەگەڵ خەڵکی ئێران وەستاوە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە بە ناڕەوا دەستبەسەر کراون.

هاوکات ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە وتارێکدا بۆ نەوەی نوێی ئێرانییەکان، خواستی ئازادی و کەرامەتی بە مافێکی ڕەوا بۆ ئەوان ناوبرد.

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بە ئاماژەدان بە ساڵی 2026 و پێویستی بەدیهێنانی داواکاری خۆپیشاندەران، جەختی لەوە کردەوە کە ڕژێمی ئێران بە بڕینی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، نیشانی داوە کە چەندە لە خەڵکی خۆی دەترسێت.

مێتسۆلا هەروەها ڕایگەیاند ئەوروپا ئەرکی هەیە لە بەرامبەر ئەو سەرکوتکردنانە هەنگاو بگرێت و دڵنیایی دا کە ئێران لە کۆتاییدا ئازاد دەبێت.

هەروەها هانا نیومەن، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا ڕەفتارییەکانی حکومەتی ئێرانی سەرکۆنە کرد و وتی ڕژێم خۆپیشاندەران بە تیرۆریست ناودەبات لە کاتێکدا خۆی بە تەقەکردن لە دەموچاویان و بەکارهێنانی میلیشیا عێراقییەکان بۆ سەرکوتکردن، کردەوەی توندوتیژی ئەنجام دەدات.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی ئەوروپا جەختیشی لەوە کردەوە حکومەتێک کە مانەوەی خۆی گرێ داوە بە کوشتنی نوخبە و ئازاترین هاووڵاتیانی خۆی، هیچ داهاتوویەکی نییە.
لە لایەکی دیکەوە ئەنتۆنیۆ تایانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا نیگەرانی قووڵی حکومەتەکەی لە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێو ئێران ڕاگەیاند.

ناوبراو داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خۆپیشاندەران دەستەبەر بکەن و واز لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازی سەرکوتکردن بهێنن.

تایانی هەروەها باسی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئیتالیا و هاوبەشە ئەوروپیەکانی کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە ڕێز لە خواستی خەڵکی ئێران بگرێت و ئاسایشی هاووڵاتیان مسۆگەر بکات.

XS
SM
MD
LG