Accessibility links

هرانا: خۆپیشاندانەکان لە هەر 31 پارێزگاکەی ئێران بڵاوبووەتەوە؛ زیاتر لە 500 کەس کوژراون

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هرانا)، ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران، لانیکەم بۆ 538 کەس بەرزبووەتەوە کە 490 کەسیان خۆپیشاندەر بوون و 48 کەسی دیکەش، ئەندامی هێزە سەرکوتکەرەکان بوون.

هرانا ڕایگەیاندووە کە ناڕەزایەتی لە زیاتر لە 570 شوێن لە سەرانسەری ئێران و لە هەر 31 پارێزگای ئەو وڵاتە بەڕێوەچووە.

ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا زیاتر لە 10 هەزار و 600 کەسی دەستگیرکراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هرانا ئەم داتایانە بە پشتبەستن بە تۆڕێک لە چالاکوانانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کۆکراونەتەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە دەستیان کەوتووە، ئەگەری زۆرە ئەم ڕێژەیە زیاد بکات.

لە هەمان کاتدا ئەو ڕاپۆرت و گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیال میدیادا بڵاودەکرێنەوە، ئاماژەن بۆ بەردەوامیی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە تاران و شارەکانی دیکە لە نێویاندا مەشهەد.

ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئێران ڕۆژی یەکشەممە پێی ناوەتە پازدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە، ئەمەش لە کاتێکدا بە پێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ و ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی شارە جۆربەجۆرەکان ڕوودەدات.

XS
SM
MD
LG