Accessibility links

 ترامپ پلانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ماچادۆ، براوەی خاڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی پشتڕاست دەکاتەوە


سەرۆک دۆناڵد ترامپ دەڵێت هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ماریا کۆرینا ماچادۆی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڤەنزوێلایی لە واشنتۆن کۆدەبێتەوە، لەکاتێکدا تیمێکی کارمەندانی دیپلۆماسی و ئاسایشی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار گەیشتنە کاراکاس دوای دەستگیرکردنی دیکتاتۆر نیکۆلاس مادۆرۆ لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە 3ی مانگی یەکدا.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شۆن هانیتی پێشکەشکاری بەرنامەی فۆکس نیوز وتی "دەزانم ڕۆژێک لە هەفتەی داهاتوودا دێت، و من چاوەڕوانم تا سڵاوی لێبکەم."

ماچادۆ لە 10ی مانگی 12 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا و خەڵاتەکەی تەرخان کرد بۆ گەلی ڤەنزوێلا کە لە پێناو ئازادیدا خەبات دەکەن و هەروەها بە سەرۆک ترامپ بۆ پاڵپشتیکردنی وڵاتەکەی.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەگەر ماچادۆ خەڵاتەکەی پێشکەش بکات وەری دەگرێت یان نا؟ ترامپ وتی "بیستوومە کە ئەو دەیەوێت ئەوە بکات. ئەوە شەرەفێکی گەورە دەبێت".

ترامپ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ فۆکس نیوز، ماچادۆی بە "کەسێکی زۆر باش" ناودێرکرد.

ترامپ ساڵی ڕابردوو هەوڵەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی چەندین ململانێی ڕاگەیان لەوانە ئەنجامدانی ئەو ئاگربەستەی کە شەڕی غەززەی نێوان ئیسرائیل و گروپی تیرۆریستی حەماس ڕاگرت؛ و نێوەندگیری لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، ڕواندا و کۆنگۆ، هیندستان و پاکستان، لەگەڵ چەندین ئاڵۆزی تر.

ترامپ وتی دانپێدانەنانی لیژنەی نۆبڵ بۆ هەوڵەکانی ئەو "شەرمەزارییەکی گەورە بووە بۆ وڵاتی نەرویج."

وتیشی "من هەشت جەنگم کۆتایی پێهێنا، هەشت جەنگ و چارەکێک، چونکە دەزانن تایلەند و کەمبۆدیاش خەریک بوو دەستبکەنەوە بە شەڕ."

ڕایشیگەیاند " بەڵام دەزانن، کاتێک هەشت شەڕ کۆتاییپێدەهێندرێت، لە ڕووی تیۆریەوە، پێویستە بۆ هەر شەڕێک خەڵاتێک بەدەستبهێنیت، چونکە هەندێک لەو شەڕانە بۆ ماوەی 30 ساڵ بەردەوام بوون".

ترامپ وتی ئەو ڕاستییەی کە ناوبژیوانی چەندین ململانێی کردووە و ژیانی ڕزگارکردووە "هەستێکی زۆر خۆشم پێدەبەخشێت."

سەرۆک ترامپ ڕایشیگەیاند "نەک لەبەر خەڵاتی نۆبڵ، بەڵکو لەبەرئەوەی ژیانی ملیۆنان و ملیۆنان کەسم ڕزگار کرد و ئەوەش بەڕاستی هەستێکی خۆشم پێدەبەخشێت".

مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند کە پلانی داهاتوو بۆ ڤەنزوێلا لە سێ قۆناغ پێکدێت کە بریتین لە سەقامگیری، هاتنەوەسەرخۆ و گواستنەوە.

ئەو گوتی بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکە، “نامانەوێت بکەوێتە نێو ئاژاوەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای دەستگیرکردنی مادۆرۆوە چەندین جار لەگەڵ دێلسی ڕۆدریگێز سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا قسەی کردووە.

وەک بەشێک لە هاتنەوەسەرخۆی وڵاتەکە، ڕوبیۆ وتی هەوڵەکان بریتی دەبن لە "دڵنیابوون لەوەی کۆمپانیا ئەمەریکایی و ڕۆژئاواییەکان و کۆمپانیاکانی دیکە دەستیان بە بازاڕی ڤەنزوێلا بگات بە شێوەیەک کە ڕەوا بێت."

ڕۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە کارمەندانی دیپلۆماسی و ئاسایشی ئەمەریکا لە یەکەی کاروباری ڤەنزوێلا، سەردانی کاراکاسیان کردووە.

ماچادۆی تەمەن 58 ساڵ ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، دەیەوێت بگەڕێتەوە.

XS
SM
MD
LG