Accessibility links

لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران مانگرتن لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوو

بازاڕی شاری بانە
بازاڕی شاری بانە

بە گوێرەی ئەو هەواڵ و ڤیدیویانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دووکان و بازاڕەکانی شارەکانی کوردستان دەستیان بە مانگرتنێکی سەرتاسەری کردووە. ئەمەش دوای بانگەوازی هاوبەشی حەوت حزبی کوردی کە داوای مانگرتنی گشتیان کردبوو بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان کە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە لەئێران سەری هەڵداوەتەوە.

بە پێی هەواڵەکان، ئەمڕۆ پێنج شەممە، 8ی مانگی یەک، خەڵک لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە، پاوە، کامیاران، بانە، مەریوان، سەقز، بوکان، مەهاباد، ورمێ و شارەکانی دیکەی کوردستان دەستیان دایە مانگرتنی گشتی و دووکان و بازاڕەکانیان داخست.

ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێران کە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا دژی باری خراپی ئابووری لەو وڵاتە سەریهەڵداوەتەوە، وردە وردە گۆڕاوە بۆ ناڕەزایەتی سیاسی دژ بە حکومەت لە ئێران و ئەمەش سەرکوتکردنی بەربڵاوی خەڵکی کوردی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان کە رۆژی پێنجشەممە بڵاو کراوەتەوە، لەئەنجامی سەرکوتکردنەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، تاکو ئیستا 11 هاووڵاتی کورد و لۆڕ کوژراون.

حەوت حزبی کوردی ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و سەرکۆنەکردنی سەرکوتکردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان، ئیلام و لۆڕستان، داوای مانگرتنی گشتییان لە کوردستان و ناوچە کوردنشینەکان. کردبوو.

ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی ڕاگەیاند کە تاکو ئێستا لە شاری مەلەکشاهی ئێلام 5 کەس، لە کرماشان 3 کەس و لە شارەکانی کوهدەشت و نورئاوای پارێزگای لۆڕستان دوو کەس کوژراون.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد و گوتی هەروەها تاکو ئێستا دەیان هاووڵاتی کورد بریندار بوون و زیاتر لە دوو سەر کەسیش دەستبەسەربوون.

لاپەڕەی فارسی زمانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە زنجیرەیەک پۆستدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، پشتیوانی خۆی بۆ مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی ئێران دەربڕیوە و داوای کۆتایی هێنانی سەرکوت کردنەکان و کوشتنی خۆپیشاندەران کردووە.

لەلایەکی دیکەوە زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 7ی مانگی یەک پەیامێکدا نووسیویانە "خەڵک لە ئێران بوێرانە بەرامبەر بە سیستمێکی ستەمکار ڕاوەستاون" و هۆشدارییان داوە کە ئەگەر حکومەتی ئێران بەردەوام بێت لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ئەوا بە خێرایی ڕووبەڕووی دادپەروەری و ئەنجامەکانی دەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG