Accessibility links

لەهەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن پەرتەوازیە و چاودێرانیش دەڵێن شەرمنن و ناتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن


سەرباری ئەوەی بەشێک لە لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەڵام نەیانتوانیوە پێکەوە بەرەیەکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن دروست بکەن. کارگێڕێکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت،" پێش هەڵبژاردن یاداشتێکمان دا بەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش کەچی سەری نەگرت، ئێستاش چاوەڕوانین کابینەی دەیەم پێکبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات گفتوگۆ بکەین بۆ ڕووبەڕووی بوونەوەی دەسەڵات."

مستەفا عەبدوڵا، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە هەر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یاداشتێکمان دا بەلایەنە ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان و وتمان یەک خیتابی نیشتمانی لە چوار چێوەیەکدا ئامادە بکەین بۆ ئەوەی هەموومان ڕوومان لە دەسەڵات بێت بۆ دژایەتیکردنی و خۆمان هەماهەنگ بین."

وتیشی،" ناردمان بۆ هەموو لایەنەکان بۆ نەوەی نوی و کۆمەڵی دادگەری و گۆران ئەوانی تر ئەوە قۆناغی یەکەم بوو و قۆناغی دووەم کە هەڵبژاردن کرا ئێمە چاوەڕوان بووین بزانین چ لایەنێک دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، کەچی سەری نەگرت، هەروەها تا کابینەی حکومەت پێکنەیەت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یەکلا نەبنەوە ناتوانین هەنگاوی لەو جۆرە بنێن."

مستەفا عەبدوڵا هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، ئێستا بەرنامەمان هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کابینەی دەیەمی حکومەت پێکهات ئەو هێزانەی لە دەرەوەی دەسەڵات دەبن هەماهەنگی و تەنسیق دەکەین تا بتوانین پێکەوە کاری هاوبەش بکەین لەناو پەرلەمان، ئەوە بەرنامەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە، دەشڵێت،" پێکەوە کارکردن کاریگەری زۆر زیاتری هەیە ئێمە دەمێکە ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە ئەسڵ وایە لایەنە ئۆزسیۆنەکان لە ژێر یەک چوار چێوەی نیشتمانیدا خیتابیان هاوبەش هەبێت بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی و قۆڕخکاری و پێشکەشکردنی پرۆژە یاسایی گونجاو بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان تەواو کاری یەک بین."

هەریەک لەنەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و ڕەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل و بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریانداوە نەچنە حکومەت و وەک ئۆپۆزسیۆنێک لە لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان کاربکەن، بەڵام نەیانتوانیوە بەرەیەکی هاوبەشی بەهێز دروست بکەن.

دەنگی ئەمەریکای پەیوەندی بە وتەبێژانی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ و بەرەی گەلەوە کرد و بۆ وەرگرتنی ڕایان سەربارەت بە پەرەتەوازی نێوانیان، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە.

ئەندامێکی مەکتەبی سایسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانیش ئاماژە بۆ ئەوەدەکات وەک چۆن کوردستان دابەشبووە بەسەر دوو زۆندا بەهەمان شێوە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دابەشبوونە.

مونیرە عەبدولعەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" خۆی دابەشبوونی دەسەڵات بەسەر دوو ئیدارە و دوو زۆندا کاریگەریەکی ڕاستەوخۆیی لەسەر بوونی ئۆپۆزسیۆن هەبووە کەکاتێک دوو ئیدارە هەبوو ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروستیش نابێت."

وتیشی،" ئۆپۆزسیۆن بەهەمان شێوەی دوو زۆنەکە داشبووە ئەوەی دۆستی ئەمە دووژمنی ئەوە، ئەوانیش لە ژێر کاریگەری ئەو دوو حزبە بەدەر نین."

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ی مانگی دەی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو و دواتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی و 5 کورسی بۆ کۆتاکان و کورسیەکانی دیکەش بەسەر لایەنە سیاسیەکانی دیکە دابەشبوو.

چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە لایەنە ئۆپۆسیۆنەکانی کوردستان کە نەتوانن یەکگرتوو بن، چۆن دەتوانن بەرگری لەمافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.

دلێر عەبدوڵا، چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لەھەرێمی کوردستان شتێک نییە بەناوی ئـۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە، ئـەوەی ھەیە چەند حزب و گروپێکی پەرتەوازەو بێ نیزامن، کە ھەلومەرج و دۆخەکە وایکردووە ببنە نەیاری دەسەڵات. ھەربۆیە لەبری کارکردن بەئـاڕاستەی فشارھێنان بۆ دەسەڵات و ھەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی چەوتییەکانی حکومەت و ناچارکردنی بەرپرسانی حکومی و کاربەدەستان بۆ خزمەتکردنی خەڵک و ھاوڵاتی، بەڵام سەرقاڵی یەکترن و ھەریەکەیان ھەوڵی سڕینەوەی ئـەوەی تریان ئـەدات و کارێکی وەھایان کردووە وێنای ئـۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەیان ناشرین کردووە."

وتیشی،" لەفەراغی ئـۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەدا، ئـەو گروپانەی ناوی خۆیان ناوە ئـۆپۆزسیۆن، دوو تایپن، تایپی یەکەمیان ئـەوانەن کە ترسنۆکن و نەیانتوانیوە دەرفەتە لەبارەکان بقۆزنەوە، یان ڕوونتر ئـۆپۆزسیۆنی شەرمن و بێ ئـیرادەن، تایپی دﻭﻭەمیان ئـەو ئـۆپزسیۆنەیە کە دروستکراوی دەسەڵاتە و بەجۆرێک لەجۆرەکان ھۆکارن بۆ بێھیوابوونی خەڵک، بۆیە تا ھەلومەرجەکە بەمجۆرە بمێنێتەوە، گۆرانکاری لەھەرێم و باشتربوونی دۆخەکە خەونێکی شاعیرانەیە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:49 0:00


XS
SM
MD
LG