Accessibility links

پشتگیری ئاسایشی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دەستپێدەکاتەوە


دوای ئەوەی کیێڤ ڕایگەیاند کە پێشنیاری واشنتن بۆ ئاگربەستی 30 ڕۆژە لەگەڵ ڕووسیا قبوڵ دەکات، ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان و هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری لەگەڵ ئۆکرانیادا.

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای زیاتر لە هەشت کاتژمێر وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا لە شاری جەدەی سعودیە، ڕایگەیاند ئێستا ئەمەریکا ئەو پێشنیارە دەباتە ڕووسیا و تۆپەکە لە گۆڕەپانی مۆسکۆدایە.

ڕوبیۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "هیوامان ئەوەیە ڕووسەکان بە خێرایی وەڵامی 'بەڵێ' بدەنەوە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە قۆناغی دووەمی ئەمە کە دانوستانێکی ڕاستەقینەیە".

کرێملن سێ ساڵ لەمەوبەر لەشکرکێشییەکی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و لە ئێستا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیای بەدەست ڕووسیاوەیە.
ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد واشنتن دەیەوێت "بە زووترین کات" ڕێککەوتنێکی تەواو لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا ئەنجامبدرێت.

وتیشی "هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێت، ئەم شەڕە بەردەوامی دەبێی و خەڵک دەمرن، خەڵک بۆردومان دەکرێن، خەڵک لە هەردوو لای ئەم ململانێیە ئازاریان پێدەگات."

هێشتا دیار نییە وەڵامی مۆسکۆ چی دەبێت و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندوە کراوەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی، بەڵام خۆی و دیپلۆماتکارەکانی چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە دژی ئاگربەستن و بەدوای ڕێککەوتنێکدا دەگەڕێن کە ئاسایشی درێژخایەنی ڕووسیا بپارێزێت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG