مۆرگێن ئۆرتەیگێس، جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی سێشەممە 11ی مانگی سێ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەمەریکا لوبنان و ئیسرائیلی هێناوەتە سەر مێزی دانوستان بە ئامانجی چارەسەرکردنی دیپلۆماسی چەندین کێشەی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات.
ئۆرتەیگێس ئەم پرسانەی وەک ئازادکردنی زیندانییە لوبنانییەکان و پرسەکانی جێی مشتومڕ وەک هێڵی شین و ئەو پێنج ناوچەیەی کە هێزەکانی ئیسرائیل تا ئێستا تێیاندا جێگیرکراون، دەستنیشانکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە لە شاری ناقورە لە باشووری لوبنان پێنج زیندانی لوبنانی ئازادکران، جەختیشی لەوە کردەوە کە لایەنەکان پابەندن بە پاراستنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و بەتەواوی جێبەجێی دەکەن.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیلیش بە پشتبەستن بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئازادکردنی ئەو پێنج لوبنانییەیان پشتڕاست کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی سێ گروپی کاری هاوبەش بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر پرسە جیاوازەکان.
ڕۆژێک دوای هێرشی تیرۆریستی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، حیزبوڵای لوبنان بە شێوەیەکی تاکلایەنە هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردە سەر باکووری ئیسرائیل.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشی توندی کردە سەر پێگەکانی ئەو گروپە لە لوبنان و سوریا و سەدان ئەندامی ئەو گرووپەی سەر بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا کوژران و زۆرێک لە سەرکردە و فەرماندە باڵا سەربازییەکانی لەناوبران، لەوانە حەسەن نەسروڵا، ئیبراهیم عەقیل و هاشم سەفی ئەلدین.
تا ئێستا چەند وڵاتێک لەوانە ئەمەریکا، ئیسرائیل، ئەڵمانیا، سربیا، لیتوانیا، ئیستۆنیا، لاتڤیا و ئوسترالیا، حیزبوڵایان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە.
دوای ئەوەی سەرکردەکانی حزبوڵا لەوان حەسەن نەسروڵا لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژران،هەردوولا مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش لە ئەنجامی هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی دیکە.
بەڵام لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئیسرائیل لە کاردانەوە بە جموجۆڵەکانی ئەو گرووپە لە باشووری لوبنان هێرشی کردووەتەوە سەر پێگەکانی حزبوڵا و بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتباریان دەکات.
ئەمەریکا: ئیسرائیل و لوبنانمان هێنایە سەر مێزی دانوستان
