Accessibility links

سەرۆکی پێشووی فلیپین بە فەرمانی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی دەستگیر دەکرێت


سەرۆکی پێشووی فلیپین بە فەرمانی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی لە پەیوەند بە دۆسیەی تاوان دژی مرۆڤایەتی دەستگیر دەکرێت.

حکومەتی فلیپین ڕۆژی سێشەممە 11ی مانگی سێ پشتڕاستی کردەوە کە ڕۆدریگۆ دوتێرتێ دوای گەڕانەوەی لە هۆنگ کۆنگ لە فڕۆکەخانەی مانیلا دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا شوێنی دەستبەسەرکردنی سەرۆکی پێشووی فلیپین و کاتی گواستنەوەی بۆ ئەوروپا بۆ ئامادەبوون لە دادگای تاوانەکانی لاهای ڕانەگەیەندراوە، بەڵام لە بەیاننامەکەی حکومەتدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو سیاسەتمەدارە تەمەن 79 ساڵە لەڕووی تەندروستیەوە. لەدۆخێکی باشدایە.

فەرمانی دەستگیرکردنی نێونەتەوەیی بۆ دوتێرتێ لە پەیوەندی لەگەڵ کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە دەرچووە کە تۆمەتبار بوون بە تێوەگلان لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا.

دەستگیرکردنی لەناکاوی سەرۆکی پێشووی فلیپین لە فڕۆکەخانە، ناڕەزایی پارێزەران و ڕاوێژکارەکانی لێکەوتوەتەوە.

لە فەرمانی دەستگیرکردن کە لەلایەن دادگای تاوانی نێونەتەوەییەوە دەرچووە، هاتووە کە "بەڵگەی باوەڕپێکراو هەیە کە بە ئامانجگرتنی قوربانییەکان نەک هەر بەربڵاو بووە، بەڵکو ڕێکخراو بووە؛ "ئەو هێرشانەی کە ساڵانێک بەردەوام بوون و پێدەچێت هەزاران کەسیان کوشتبێت".

لە بڕیارەکەدا کە لە 7ی مانگی سێ دەرچووە، هاتووە "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆدریگۆ دوتێرتێ بانگهێشتنامەی دادگا پشتگوێ بخات، دەستبەسەرکردنی پێویستە بۆ دڵنیابوون لە ئامادەبوونی لە دادگادا".

حکومەتی ئەوکاتەی فلیپین لە ساڵی 2018دا پشتڕاستی کردەوە کە لە کاتی هەڵمەتی حکومەت دژ بە ماددەی هۆشبەرە، لانیکەم پێنج هەزار کەس کوژراون.

لێکۆڵینەوەکانی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی سەبارەت بە کوشتنەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان کە گومانیان لێدەکرێت "تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی" بن، لە مانگی یازدەی ساڵی 2011وە دەستپێکردووە، کاتێک دوتێرتێ سەرۆکی شارەوانی داڤائۆ بووە لە باشووری فلیپین و تا پێنج ساڵ لەمەوبەریش بەردەوامبووە.

دوتێرتێ پێنج ساڵ لەمەوبەر فلیپینی لە پەیمانی ڕۆما کشاندەوە؛ چالاکییەک کە بە گوتەی چالاکانی مافی مرۆڤ بە ئامانجی خۆدزینەوە لە لێپرسینەوە لە کوشتنی ڕێکخراو ئەنجامدرا.

سەرۆکی پێشووی فلیپین لە وتارێکیدا لە ساڵی 2016 ڕایگەیاند کاتێک سەرۆکی شارەوانی شاری داڤائۆ بووە، بە ماتۆڕسکیلەکەی بە شەقامەکاندا بەدوای "تاوانباران"دا گەڕاوە بۆ "لێدان و کوشتن"یان بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە لێیەوە فێربن کاری لەو شێوەیە بکەن.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG