Accessibility links

دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جەدە دەستپێدەکات


دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە جەدەی عەرەبستانی سعودیە ڕۆژی سێشەممە 11ی مانگی سێ دەستیپێکرد.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز گفتوگۆکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا ئەنجامدەدرێن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا هیوادارە لە دانوستانەکانی جەدە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک واڵتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لەگەڵ ئەندری یەرماک یاریدەدەری باڵای ڤۆلۆدیمێر زێلنسکی و ئەندری سیبیها وەزیری دەرەوە و ڕوستەم ئومارۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا وتووێژ دەکەن.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری دەرەوەی سعودیەش لەم دانوستانانەدا بەشدارن.

ئاندرێ یەرماک پێش دانوستانەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "زۆر گرنگە گەرەنتی ئەمنی لە ئەمەریکا وەربگرین بۆ ئەوەی ڕووسیا دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن جارێکی تر هێرش نەکاتەوە" و دەشڵێت "دەستپێکردنی پڕۆسەکە بەرەو ئاشتی لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ لە پێشینەی کارەکانی ئەم کۆبوونەوەیەدایە."

مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی دووشەممە 10ی مانگی سێ هیوای خۆی دەربڕی کە دیدارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا بە باشی بەڕێوە بچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد هێشتا وردەکاری زیاتر سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و کیێڤ لەسەر کانزاکانی ئۆکرانیا ماوە کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن پێویستە هەڵوێستی کیێڤ بزانێت و تێبگات لەوەی کە ئۆکرانیا ئامادەیە چ ئیمتیازێک بدات.

ڕوبیۆ هیوای خواستبوو کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەدا پرسی بەردەوامی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا چارەسەر بکرێت.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی جەختی لەسەر پابەندبوونی تەواوی وڵاتەکەی بە دیالۆگەوە کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا هێرشە بەربڵاوەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە نیشانەی ئامادەنەبوونی مۆسکۆ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ناودێر دەکات.

دانۆڵد ترامپ چوار ڕۆژ پێش ئیستا ڕایگەیاند کە بیر لە سزادانی کەرتی بانکی ڕووسیا و سەپاندنی باجی گومرگ لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەو وڵاتە دەکاتەوە،ئەمەش بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG