بەرپرسانی ڕووسیا ڕایانگەیاند ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە 11ی مانگی سێ گەورەترین هێرشی خۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر مۆسکۆ دەستپێکردووە و بەهۆیەوە لانی کەم دوو کرێکاری کۆگایەکی گۆشت گیانیان لەدەستداوە و 18ی دیکەش برینداربوون و هەروەها چوار فڕۆکەخانەی پایتەختی ڕووسیا بۆ ماوەیەکی کورت داخران.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بڵاویکردوەتەوە کە بەگشتی 337 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی ڕووسیا خراونەتە خوارەوە کە 91 فڕۆکەیان بەسەر ناوچەی مۆسکۆ و 126 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بەسەر ناوچەی کورسک کە هێزەکانی ئۆکرانیا تێیدا خەریکی پاشەکشەن، خراونەتە خوارەوە.
هێرشەکەی ئۆکرانیا لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵ شاندێکی ئۆکرانیا لە سعودیە بڕیارە کۆببنەوە بۆ ئەوەی هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕی سێ ساڵەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بدەن، ئەمەش لە کاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا هەوڵی گەمارۆدانی هەزاران سەربازی ئۆکرانیا لە ناوچەی کورسک لە ڕۆژئاوای ڕووسیا دەدەن.
کیێڤ بەدرێژایی شەڕەکە ڕووبەڕووی هێرشی ڕووسیا بووەتە و ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی سێشەممە بە مووشەکێکی بالیستیک و 126 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج. ئەو وڵاتە هەوڵیداوە بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت و فڕۆکەخانەکان و تەنانەت وێستگەکانی ڕاداری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ڕووسیا، بەرپەرچی هێرشەکانی ڕووسیا بداتەوە.
سێرگی سۆبیەنین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ ڕایگەیاندووە هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەی ئۆکرانیا گەورەترین هێرشی ئەو وڵاتە بووە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئەو شارە کە لەگەڵ ناوچەکانی دەوروبەری ژمارەی دانیشتووانی لانیکەم 21 ملیۆن کەسە.
ئۆکرانیا هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەداوە.
هەروەها بەرپرسانی ئۆکرانیا هەواڵی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیایان بۆ سەر کیێڤ و چەند ناوچەیەکی دیکە ڕاگەیاندووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە ئەگەری زیانە گیانییەکان نەخراوەتەڕوو.
لە دوایین دیداری سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە کۆشکی سپی، زێلێنسکی ڕایگەیاند کە بە پاڵپشتی ئەمەریکا وڵاتەکەی توانیویەتی پێشکەوتنی بەرچاوی هەبێت لە دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز