Accessibility links

مایکرۆسافت ڕایدەگەیەنێت کە سکایپ بۆ هەمیشە دادەخرێت


کۆمپانیای مایکرۆسافت ڕایدەگەیەنێت کە بەرنامەی سکایپ تا ماوەیەکی کەمیتر بەردەست دەبێت و دوای ئەوە بەکارهێنەران دەبێت بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لەو بەرنامەیە بکەن و بڕیاری داخستنی بۆ هەمیشە دراوە.

کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئەمەریکایی ڕۆژی هەینی 28ی مانگی دوو بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند داخستنی سکایپ یارمەتی مایکرۆسافت دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت سەرنجی خۆی زیاتر بخاتە سەر تیمز(Teams) کە خزمەتگوزارییەکی تایبەتی خودی کۆمپانیاکەیە.

هەروەها مایکرۆسافت وایکردووە بەکارهێنەرانی سکایپ هەست بە ئاسوودەیی بکەن، چونکە دەتوانن بە ئاسانی زانیارییەکانیان و نامە و پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە ئاسانی لە سکایپەوە بۆ ناو بەرنامەی تیمز بە خۆڕایی بگوازنەوە.

سکایپ، تۆڕێکی پەیوەندیکردنە کە لە ساڵی 2003 لەلایەن نیکۆلاوس زینسترۆمی سویدی و جانوس فریس دانیمارکییەوە دروستکراوە. ئەم تەکنەلۆژیایە توانی لە سەرەتای ساڵانی 2000دا بە پەیوەندی دەنگی و ڤیدیۆیی هەرزان خەڵک بۆلای خۆی ڕاکێشێت و ناوبانگێکی زۆری دەرکردبوو.

لە ساڵی 2005 کۆمپانیای بازرگانی ئەلیکترۆنی فرەنەتەوەیی ئیبەی (ebay) سکایپی کڕی و لە ساڵی 2011 مایکرۆسۆفت لە گووگڵ و فەیسبووکی بردەوە و سکایپی بە بڕی 8.5 ملیار دۆلار کڕی.

لەو کاتەدا سکایپ مانگانە نزیکەی 150 ملیۆن بەکارهێنەری هەبوو، بەڵام تا ساڵی 2020 ئەو ژمارەیە بۆ 23 ملیۆن کەس دابەزیبوو. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەیەکی کەم لە سەردەمی پەتای کۆڤید-19دا جارێکیتر ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنایەوە.

ئەم بەرنامەیە لە لوتکەی خۆیدا سەدان ملیۆن بەکارهێنەری هەبوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پلاتفۆرمەکە لە ڕکابەرەکانی وەک زووم(Zoom) و سڵەک(Slack) کە سادەتر و متمانەپێکراوترن، دواکەوتووە.

لە سەردەمی پەتای کۆڤید و زیادبوونی کارکردنی کارمەندان لە ماڵەوە، مایکرۆسۆفت بڕیاریدا وەبەرهێنانی زیاتر لە بەرنامەی تیمزی مایکرۆسافت بکات و بە تێکەڵکردنی خزمەتگوزارییەکە لەگەڵ بەرنامەکانی تری ئۆفیس هەوڵیداوە بەکارهێنەرانی کۆمپانیاکان بۆ خۆی ڕابکێشێت کە پێشتر بەشێکی بەرچاو بوون لە بەکارهێنەرانی سکایپ.

مایکرۆسۆفت ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سکایپ ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە داڕشتنی پەیوەندییە مۆدێرنەکان. "شانازی دەکەین کە بەشێک بووین لەم گەشتە".

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG