Accessibility links

چەندین کەس لە تەقینەوەیەکی کوشندە لە قوتابخانەیەکی ئایینی لە پاکستان دەکوژرێن


پۆلیسی پاکستان ڕایگەیاند تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ڕۆژی هەینی، 28ی مانگی دوو ڕوویداوە کە بەلایەنی کەمەوە تێیدا شەش کەس کوژراون.

بەگوێرەی هەواڵەکان، خۆکوژێک لە کاتی نوێژی ئێوارەی هەینی لە قوتابخانەی ئایینی حەقانی خۆی تەقاندوەتەوە و بەو هۆیەوە شەش کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

حەقانی کە چەند هەزار خوێندکاری هەیە، دەکەوێتە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا و یەکێکە لە گەورەترین و بەناوبانگترین قوتابخانە ئاینیەکانی باشووری ئاسیا.

هەروەها مەولانا حەمیدولحەق، بەرپرسی قوتابخانە ئاینییەکە لە نێو کوژراوەکاندایە و بەرپرسانی ناوچەکەش دەڵێن پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە.

زولفەقار حەمید فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە زیانە گیانییەکانی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاندووە لێکۆڵینەوە لە ڕوودوەکە بەردەوامە.

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی تەقینەوەکەی کرد و بە "کردەوەیەکی ترسنۆکانە و قێزەونی تیرۆر" ناودێری کرد.

تا ئێستا هیچ تاک و گروپێک بەرپرسیارێتی ئەم تەقینەوە خۆکوژەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام پێدەچێت یەکێک بێت لە هێرشەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی خوراسان" کە لقێکی ناوچەیی داعشە.

ئەو گرووپە کە بنکەکەی لە ئەفغانستانی دراوسێیە، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی ڕابردوو بۆ سەر قوتابخانە ئاینییەکان لە خەیبەر پەختونخوا ڕاگەیاندووە.

داعش زۆرجار سەرکردە باڵاکان و پیاوانی ئایینی سەر بە حکومەتی تاڵیبان لە کابول دەکاتە ئامانج و لە چەند مانگی ڕابردوودا دەیان کەسی کوشتووە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتی ئیسلامی خوراسان بە گەورەترین هەڕەشەی تیرۆریستی ناودێر کردووە.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG