Accessibility links

دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە تورکیا کۆدەبنەوە

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند دیپلۆماتکارانی ڕووسیا و ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەستەنبوڵ کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی ئۆپەراسیۆنی باڵیۆزخانەکانیان لە مۆسکۆ و واشنتن بکەن.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای دانوستانەکانی هەفتەی ڕابردووی ڕووسیا و ئەمەریکا لە سعودیە دێت کە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆک دانۆڵد ترامپدا بەدیهێناوە.

لە دانوستانەکاندا، مۆسکۆ و واشنتن ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و باشترکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان. ئەوەش گەڕاندنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکان دەگرێتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی دەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دیپلۆماتکارانی یەکتری و سنووردارکردنی دیکە، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنکەرە پشتڕاستی کردەوە کە شاندەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەستەنبوڵ دانوستان دەکەن سەبارەت بەو پرسانەی کە کاریگەرییان لەسەر کارکردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی هەریەکەیان هەیە.

ئەو بەرپرسەی باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەشکرد پرسی ئۆکرانیا لە بەرنامەی کاردا نابێت.

پێش بەڕێوبەرایەتی دووهەمی سەرۆک ترامپ، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن گەیشتبووە نزمترین ئاستی خۆی لەوەتای جەنگی ساردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا لە ساڵی 2014دا کریمیای لە ئۆکرانیا گرت و لە ساڵی 2022شدا جەنگەکەی لەگەل ئۆکرانیا دەستپێکرد.

لە دانوستانەکانی هەفتەی ڕابردوودا هیچ بەرپرسێکی ئۆکرانیا ئامادە نەبوون. کرێملن جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا، شتێک کە بە وتەی خۆی ڕێگە خۆش دەکات بۆ دانوستانەکانی ئاشتی لە کۆتاییدا.

ئۆنجو کەجەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پشتڕاستی کردەوە کە کۆبوونەوەیەک لە "ئاستی تەکنیکی" لە نێوان شاندەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا لە ئەستەنبوڵ ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجام دەدرێت، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستەڕوو.

سەرچاوە/AP

This item is part of
XS
SM
MD
LG