وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند که بەکارهێنانی هێزی سەربازی ڕەنگه پێویست بێت بۆ ڕاگرتنی ئێران له بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
گیدئۆن ساعر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ کە ڕۆژی چوارشەممە 26ی مانگی دوو بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئیسرائیل هیوایەکی ئەوتۆی نییە کە ڕێبازە دیپلۆماسییەکان بەرامبەر بە ئێران کاریگەر بن و ئاماژەی بەوەشکردووە "وڵاتەکەی چاوی لە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکایە بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران".
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە درێژەدا ئاماژەی بە زیادبوونی یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران کردووە و جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەو بڕە یۆرانیۆمە بەسە بۆ دروستکردنی چەند بۆمبی ئەتۆمی.
ساعر جەختی لەوە کردوەتەوە کە "شکستهێنان لە وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەبێتە کارەساتێک بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و دەتوانێت کاریگەری زۆر ناسەقامگیرکەری هەبێت لەسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
سەرۆک ترامپ لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی "ستراتیژی زۆرترین فشار"ی لە دژی تاران چالاک کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا چەندین جار باسی لە خواستی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران کردووە.
ترامپ هێشتا ڕاستەوخۆ هەڕەشەی هێرشی سەربازیی ڕاستەوخۆی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی نەکردووە، بەڵام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست کە ماوەیەک پیش ئێستا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە ئەگەر لەگەڵ تاران ڕێککەوتن بکرێت، ئیسرائیل بۆردومانی ئێران ناکات.
ئەو لێدوانانەی کە هەندێک بە هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە ڕووی سەربازییەوە ناودێریان کردووە.
لەبەرامبەردا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن لە هەلومەرجێکی وادا ئامادە نین لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆ و دانوستان بکەن.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕووسییەکەی رۆژی سێشەممە، 25ی مانگی دوو ڕایگەیاند "ئەگەری دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئێمە و ئەمەریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی لەئارادا نابێت تا ئەو کاتەی زۆرترین فشار بەم شێوەیە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
پێشتر عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش بە ئاشکرا لە وتارەکانیدا دژایەتی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکای کردبوو.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەدا باسی لەوە کرد کە پێی وایە بژاردەیەکی سەربازی باوەڕپێکراو دەبێت لەسەر مێز بێت بۆ ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران پێش ئەوەی تاران بۆمبی ئەتۆمی بەدەست بهێنێ.
هۆشداریشیدا لەوەی کە پێچەوانەوە ئەم پرسە دەتوانێت ببێتە هۆی کێبڕکێی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تێیدا وڵاتانی وەک میسر و سعودیە و تورکیاش ئامادە دەبن.
سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا