نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپی توندڕەوی حەماس ڕایانگەیاند ئەو دوو لایەنە بۆ درێژەدان بە قۆناغی یەکەمی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەلەستینیەکان ڕێککەوتون.
کاربەدەستێکی میسری ڕۆژی چوارشەممە 26ی مانگی دوو ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و وتی بەم شێوەیە 600 زیندانی فەلەستینی کە بڕیار بوو شەممەی ڕابردوو لەگەڵ تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی بگۆڕدرێنەوە، ئازاد دەکرێن.
ئیسرائیل ئازادکردنی ئەو 600 زیندانییەی بەهۆی مامەڵەی خراپی حەماس لەگەڵ بارمتەکاندا لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنەکەدا، دواخستبوو.
هەروەها بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتیش ڕەخنەیان لە شێوەی ئازادکردنی بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە گرتووە.
لەبەرامبەردا حەماس ئەم کارەی ئیسرائیلی بە "پێشێلکارییەکی جددی و ئاشکرای مەرجەکانی ئاگربەست" ناوبرد و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە بەشداری لە قۆناغی دووەمی دانوستانەکانی ئاگربەستدا ناکات تا ئەو کاتەی هەموو ئەو زیندانیانە ئازاد دەکرێن.
هەروەها لیواکانی ناسر سەلاح الدین کە یەکێکە لە گروپە میلیشیاکانی سەر بە حەماس لە غەززە، ڕایگەیاند کە سبەی پێنجشەممە تەرمی بارمتێکی ئیسرائیلی بە ناوی ئۆهاد یەهلۆمی ڕادەستی حەماس دەکەن.
لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەدا بڕیار بوو تەرمی هەشت بارمتەی ئیسرائیلی لە نێویاندا ئۆهاد یەهلۆمی ڕادەستی ئیسرائیل بکرێتەوە.
ئێستا وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس دووپاتی کردوەتەوە کە ڕۆژی پێنجشەممە تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەست دەکاتەوە و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل جگە لە 600 زیندانییەکانی پێشوو، ژمارەیەکی دیارینەکراوی ئەو ژن و منداڵە ئازاد دەکات کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە دەستبەسەری کردووە.
حەماس پێشتر تەرمی چوار بارمتەی دیکەی ڕادەست کردبوو کە سێ کەسیان ئەندامی بنەماڵەی بیباس بوون.
ئەگەر ئەم زیندانییە فەلەستینییانە بە چوار تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکان بگۆڕدرێنەوە، ئەرکەکانی هەردوولا لەسەر بنەمای قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن.
سەرچاوە/رۆیتەرز