ئاژانسی ئەمەریکا بۆ واڵایی، ناسا، ڕایگەیاند ئەگەری کێشانی بەردی ئاسمانی 2024 YR4 بە زەویدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
ناسا لە بڵاوکراوەیەکیدا دەڵێت، "ئەم گەڕەستێرۆچکەیە هیچی تر مەترسییەکی بەرچاو بۆ دروستکردنی کارەسات لەسەر زەوی نییە."
ئەم گەڕەستێرۆچکەیە بۆ یەکەم جار ڕۆژی 27ی دوازدەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن گەردونناسان لە وڵاتی چیلی دەستنیشانکرا.
مەزندە دەکرێت تیرەی قەبارەکەی لە نێوان 40 مەتر بۆ 90 مەتر بێت. زانایان ڕایانگەیاندووە هەتا کۆتایی مانگی ڕابردوو دوورییەکەی لە زەوییەوە بە نزیکەی 48 ملیۆن کیلۆمەتر مەزندەکراوە.
پێشتر سەنتەری ناسا بۆ لێکۆڵینەوە لە تەنە نزیکەکانی زەوی ڕایگەیاندبوو ئەم بەردە ئاسمانییە ساڵی 2032 لە زەوی نزیکدەبێتەوە و مەترسی کێشانی بە زەوی بە ڕێژەی 3٪ دانابوو.
بەڵام ناسا دەڵێت مەترسی تەنەکە کەمبووەتەوە بۆ 0.004٪. دەزگاکە دەڵێت مەترسی کێشانی بە مانگ بریتییە 1.7٪.
لە ڕابردوودا کەوتنی بەردەکانی واڵایی بەسەر زەویدا بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین کارەساتی گەورە بۆ ژیانی هەسارەکەمان.
زانایان دەڵێن نزیکی 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر گەڕەستێرۆچکە یان کلکدارێکی گەورە خۆی کێشا بە زەویدا کە بووە هۆی لەناوبردنی دایناسۆرەکان، پاش نزیکەی 180 ملیۆن ساڵی ژیانیان لەسەر هەسارەکەمان.
کۆتایی ساڵی 2022، ناسا وەک یەکەم تاقیکردنەوە بۆ بەرگریکردن لە زەوی، کەشتییەکی ئاسمانی کێشا بە گەڕەستێرۆچکەیەکی "دووانە" کە نزیکەی 11 ملیۆن کیلۆمەتر لە هەسارەی زەویەوە دووربوو.
ناسا ئەوکات ڕایگەیاند تەنەکە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر زەوی نەبووە، وە هەنگاوەکەی تەنها بۆ تاقیکردنەوە بووە. لە ئەنجامدا، کردەکە بە سەرکەوتوویی توانی خولگەی بەردەکە بگۆڕێت.