Accessibility links

پزیشکێکی نەشتەرگەری بەهۆی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر نزیکەی 300 کەس لە فەرەنسا دادگایی دەکرێت

جۆیل لە سکۆرنێک پزیشکی نەشتەرگەری فەرەنسی کە تۆمەتبارە بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر نزیکەی 300 کەس کە زۆربەیان منداڵن، لە دادگا دانی بەوەداناوە کە "کردەوەی ترسناک"ی ئەنجامداوە، بەڵام هەموو تۆمەتەکانی لەبیر نییە.

جۆیل لە سکۆرنێک تەمەن 74 ساڵ کە ڕووبەڕووی تۆمەتی دەستدرێژی قورس بووەتەوە، رۆژی دووشەممە لە فەرەنسا دادگایی کرا. ناوبراو تۆمەتبارە بە دەستدرێژی سێکسی یان گێچەڵی سێکسی بۆ سەر سەدان کەس لەوانە نەخۆشەکانی.

لە سکۆرنێک لە دادگا وتی "من کردەوەی ترسناک و قیزەونم ئەنجامداوە و ئاگادارم ئەو زیانانەی کە گەیاندوومە،قەرەبوو ناکرێنەوە.بەڵام هەموویان لەبیر نییە."

وتیشی"من قەرزاری هەموو ئەم کەسانە و ئازیزەکانیانم و دان بە کارەکانم و دەرئەنجامەکانیاندا دەنێم."

لە دۆسیەکدا کە بە خراپترین دۆسیەی تاوانکاریی لە فەرەنسا دادەنرێت، تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر نەخۆشەکان لەلایەن سکۆرنێکەوە 25 ساڵ، واتە لە ساڵی 1989 تا 2014درێژەی هەبووە.

ئەو پزیشکە نەشتەرگەرە ئەگەر تاوانبار بکرێت، دەتوانێت تا 20 ساڵ زیندانی بکرێت. لە ئێستادا خەریکی تێپەڕاندنی سزای 15 ساڵ زیندانیکردنە کە لە ساڵی 2020 بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بەسەریدا سەپێنراوە.

دادگاییکردنی جۆیل لە سکۆرنێک چوار مانگ دەخایەنێت و بەدواداچوون بۆ تۆمەتەکانی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دەکرێت کە ناوبراو بۆ سەر قوربانییەکان لەماوەی زیاتر لە دو دیە ئەنجامیداون.

بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، ئەو پزیشکە دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر 158 پیاو و 141 ژن، کە تێکڕای تەمەنیان لە کاتی تاوانەکەدا 11 ساڵ بووە.

زۆربەی ئەم دەستدرێژییانه لە ژوورەکانی نەخۆشخانە و کاتێک منداڵان بە تەنیا بوون ڕوویانداوە.

تۆمارەکان دەریدەخەن کە ئەو پزیشکە لە ساڵی 2005 بە هۆی هەڵگرتن و پۆرنۆگرافیای منداڵان سزای چوار مانگ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام دوای ساڵێک لە نەخۆشخانەی گشتی دەستی بە کاری پزیشکی کردوەتەوە.

لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەردەوام بووە لەکارکردن تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2017 بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر دراوسێ تەمەن 6 ساڵانەکەی دەستگیرکرایەوە. پۆلیس هەندێ بەڵگەی دۆزیوەتەوە کە پێدەچێت وردەکاری دەستدرێژی سێکسییەکانی لەسەر دەیان نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی سەرتاسەری ناوچەکەدا بخاتەڕوو.

ئێستا هەندێک لە گروپەکانی پاراستنی منداڵ بوونەتە داواکاری تایبەت لەم دۆسیەیەدا و دەڵێن دەیانەوێت یاسای توندتر دەربکرێت بۆ ئەوەی ئەو جۆرە تاوانانە ڕوونەدات.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG