سەقامگیری و فەرامۆشنەکردنی پێکهاتەکان لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سووریا، بەلای بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە گرنگە و چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە دۆخی کورد لە سووریا و عێراق خاڵی لێکچوویان زۆرە و پێویستە بەرپرسان ڕۆڵی ئەرێنی ببینن بۆ بەرقەرارکردنی ئەمن و ئاسایشی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی مانگی دووی 2025، لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەلجەربا سەرۆکی تەیاری (غەد) ی سووریا کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،" لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودخۆی سیاسی و ئەمنیی سووریا ئاڵوگۆڕکرا و ڕۆشنایی خرایە سەر ڕێگەچارەکان بۆ دابینکردنی سەقامگیری و پێکەوە ژیان و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی سووریا."
دەنگی ئەمەریکا لەبارەی ناوەڕۆکی زیاتری کۆبوونەکەی نێوان بارزانی و ئەلجەربا، پەیوەندی بە بارەگای بارزانیەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە.
جدعان عەلی، سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و بەڕێز ئەحمەد ئەلجەربا نیم، بەڵام ڕۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان لەڕاستیدا ئێمە بە چاوێکی گەورە و بەرزەوە لێی دەڕوانین سەبارەت بە سووریا، لەگەڵ ئەو پشتگیریانەی کە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوورپا و دەوڵەتانی هەرێمی دەکەین بەرز دەینرخێنین."
وتیشی،" ئێمە باوەڕی تەواومان بە سەرۆک بارزانی هەیە و کوردی سوریاش بەهەمانشێوە، چونکە هەمیشە قسەی خێر دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا، ئەحمەد ئەلجەربا وعەشیرەتەکەی گەلێکی کۆمەڵایەتین گەلێکی کۆنن، بۆیە دەتوانن ڕۆڵێکی باش بگێڕن بە ئاراستەی نزیکیبوونەوەی هەمووی پێکهاتەکانی سووریا."
ئەحمەد ئەلجەربا، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆخی سووریا و دواین پەرەسەندەکان کۆبوویەوە.
ڕۆژی 29ی مانگی یانزەی 2024، گرووپە چەکدارەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام و هاوپەیمانەکانی کە بە گرووپی سوونەی تونڕەوی نزیک لە تورکیا دادەنرێن هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب لە سوریا و بەو هۆیەشەوە دوای چەند هەفتەیەک بەتەواوی سووریایان کۆنترۆڵکرد و دەسەڵاتی ئەسەد ڕوخا. لەدوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، هەریەک لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەدیاریکراوی هەموو هەوڵێکیان خستووەتە کار بۆ بەرقەرارکردنی ئەمن و ئاسایشی سووریا و فەرامۆشنەکردنی تەواوی پێکهاتەکان بەتایبەت پێکهاتەی کوردی سووریا.
بێکەس قادر چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لەڕاستیدا ڕەوشی سووریا نەک هەر بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق و بۆ وڵاتانی دەوروبەریشی گرنگە، چونکە سووریا بە قۆناغێکی مەترسیدار تێدەپەڕێت هەر لە قۆناغی دیکتاتۆریەت و پاشان قۆناغی ئیرهاب و بوو بە مەرکەزی پایتەختی داعش، بەڕاستی ئەمە نەک بەنیسبەت بە وڵاتانی دەوربەر بە نیسبەت هەموو دوونیاش سەقامگیری سووریا بۆ هەموو لایەک گرنگە."
وتیشی،" سەقامگیری سووریا بۆ هەرێمی کوردستانیش زۆر گرنگە بەو پێیەی لایەنێکی کوردی لە سووریا لە گۆڕەپانەکەدایە و بوونی هەیە و هێزی سەربازی هەیە ئەمنیەتی پاراستووە و ئیدارەی هەیە ئەم لایەنە کوردیەش بە دڵنیایەوە پەیوەندی زیاتری لەگەڵ کورد زیاترە."
ئەو چاودێرە سیاسیە باسی لەوەشکرد، دۆخی کورد لە سووریا هەمان دۆخی ئێمەی کوردی هەیە لە عێراق، خاڵی لێکچوومان زۆرە قەزیەمان یەک و کێشەمان یەک و داوا و گرفتمان یەک داوایە، دەشڵێت،" هەرێمی کوردستان دەتوانێ ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت لە سوریا و بۆ ئەوەی سەقامیگری بێتە کایەوە."