Accessibility links

وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا: گەڕاندنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" ئایەتوڵا دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆ


داگ بۆرگێم، وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی دوو لە سێهەمین ڕۆژی کۆنفرانسی گەورەی پارێزگارانی ئەمەریکا (CPAC) ڕایگەیاند "دووبارە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" لەلایەن دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئایەتوڵا دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆیان.

داگ بورگێم ڕایگەیاند حکومەتی ئێران سەدان ملیار دۆلار داهاتی لە فرۆشتنی نەوت بەدەستهێناوە کە دانۆڵد ترامپ دەیەوێت ئەو کارە بوەستێنێت.

وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا وتی ترامپ بە گەڕاندنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" وەک لە خولی یەکەمی خۆیدا کردی، ئایەتو دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆی خۆیان.

ئاماژەی کورتی داگ بۆرگێم بە ئێران لە کاتێکدایە کە بەرنامە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دەستێوەردانگەرییەکانی حکوومەتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێک بووە لە گرینگترین وتارەکانی چەندین بەرپرس و کەسایەتییەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمارییەکان.

مارک واڵاس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی "یەکگرتوویی دژی ئێرانی ئەتۆمی" ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ڕووی ڕاستەقینەی سەرکوت و سروشتی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێرانە.

واڵاس لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ئامێرێکی کوشتنی ترسناکە کە نەوەک تەنها دژی ئۆکرانیا، بەڵکو لە دژی ئیسرائیل، ئەمەریکا، حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها کەشتیوانی لە دەریای سوور و بابولمەندەب بەکارهاتووە و سێ سەربازی ئەمەریکایی لە هێرشێکی ئەو فڕۆکەبێفڕۆکەوانانەدا کوژراون.

کۆبوونەوەی کۆمارییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە و تا ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی دوو بەردەوام دەبێت.

XS
SM
MD
LG