جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، جەی دی ڤانس ڕۆژی پێنجشەممە، 20ی مانگی دوو لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمارییەکان بەرگری لە دانوستانەکانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی ڤلادیمێر پوتن کرد و ڕایگەیاند کە کۆتاییهاتنی ململانێی ڕووسیا و ئۆکرانیا نزیکە.
جەی دی ڤانس لە کۆبوونەوەی کردەوەی سیاسی کۆنەپاریزان لە نەشناڵ هاربێری مێریلەند وتی "چۆن کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنیت ئەگەر لەگەڵ ڕووسیا گفتوگۆ نەکەیت؟"
ئاماژەی بەوەشکرد و وتی "بەڕاستی باوەڕم وایە لە ماوەی سێ ساڵدا بۆ یەکەمجار لە ئەوروپا لە لێواری ئاشتیداین."
کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمارییەکان یان سی پەک(CPAC) ڕۆژی پێنجشەممە، 20ی مانگی دوو لە ویلایەتی مێریلاند دەستیپێکرد.
کۆبوونەوەکە کە سێ ڕۆژ دەخایەنێت، بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.
دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارە ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی دوو وتارێک لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەش بکات.
هەروەها سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ژمارەیەک وڵات لەوانە ئەرجەنتین، بەریتانیا، پۆڵەندا و ئیتاڵیا قسە دەکەن.
سەرۆک ترامپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیەکەیدا هەموو ساڵێک بەشداری کۆبوونەوەی CPAC کردووە.
هەروەها بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە مایک جانسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، خاڤیێر میلا، سەرۆکی ئەرجەنتین، ڕۆبێرت فیسکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لیز تروس، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و باڵاش ئۆربان بەرپرسی کاروباری سیاسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا وتاری خۆیان پێشکەش بکەن.
یەکێکی دیکە لە وتاردەرەکان ئیڵان ماسک ملیاردێری بواری تەکنەلۆجیا و خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس دەبێت.
سەرچاوەکان/ ڕۆیتەرز/ فاکس نیوز