Accessibility links

کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی20 بە بێ بەشداری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت


وڵاتانی گەشەسەندووی ئەندامی گروپی 20 (G20) ڕۆژی پێنجشەممە 20ی مانگی دوو لە جۆھانسبێرگی ئافریکای باشوور کۆبوونەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی بابەتەکانی پەیوەست بە قەیرانەکانی ئێستای جیهان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەیرانانە بکەن، ئەمەش لەکاتێکدا واشنتن هیچ وەزیرێکی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئەو گرووپە نەناردووە.

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی بەشداری ئەو کۆبوونەوە دوو ڕۆژەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دەوڵەمەند و گەشەسەندوو کە لە پێنجشەممەوە دەستپێکردووە، ناکات، ئەمەش بەهۆی سیاسەتەکانی وڵاتاتی میوانداری کۆبونەوەکە ئافریکای باشوور بەرامبەر بە واشنتن، کە ناوبراو دەڵێت دژایەتی دەکات.

تەنها باڵیۆزی کاتیی ئەمەریکا نوێنەرایەتی واشنتن دەکات لە کۆبوونەوەکەدا. هەروەها وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە لە دانوستانەکانی وڵاتانی گرووپی 20 بەشداری ناکات.

ڕوبیۆ لەم مانگەدا لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە کە هەروەها بەشداری لوتکەی سەرەکی گروپی 20 لە جۆهانسبێرگ لە مانگی نۆڤەمبەردا ناکات، وتی "ئافریکای باشوور ئەو کۆبوونەوەیە بەکاردەهێنێت بۆ پێشخستنی هەمەچەشنی و یەکسانی و گشتگیری و گۆڕانی کەشوهەوا."

لەلایەکی دیکەوە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دوای دانوستانە دووقۆڵییە گرینگەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا، بەشداری کۆبوونەوەکەی گروپی 20ی کرد کە تێیدا چاوەڕوان دەکرێت دیپلۆماتکارە باڵاکانی ئەوروپا پشتگیری خۆیان بۆ ئۆکرانیا بەهێزتر بکەن.

گروپی 20 بڕیارە وڵاتان کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بناغەیەک بۆ سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری جیهانی دروست بکات. بەڵام زۆرجار گرووپەکە بەهۆی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ئەمەریکا، ئەوروپا، ڕووسیا و چینەوە کێشەیان هەیە بۆ گەیشتن بە هەر کۆدەنگییەکی مانادار لەسەر پرسەکان.

گروپی 20 نوێنەرایەتی نزیکەی لەسەدا 80ی دانیشتوانی جیهان و زیاتر لە سەدا 85ی هێزی ئابووری جیهانی دەکات.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG