Accessibility links

نەخۆشی پاپا فرانسیس ئاڵۆزتر دەبێت و ڤاتیکان بۆنە و ئاهەنگەکان هەڵدەوەشێنێتەوە


پاپا فرانسیس کە لە ڕۆژی هەینیەوە بەهۆی هەوکردنی سییەکانیەوە لە نەخۆشخانەی گێمێلی ڕۆما خەوێندراوە، باری تەندروستی جێگیر نییە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی زیاترە.

بە گوێرەی ڤاتیکان، دوایـین پشکنینی پزیشکی دەرکەوتووە کە پاپا فرانسیس تووشی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان یان نەخۆشی سیەسۆ pneumonia بووە کە جۆرە هەوکردنێـکی سیـیەکانە و بەهۆی حاڵەتەکانی وەک هەوکردنی بۆرییەکانی، تەنگەنەفەسی بۆ دروستبووە.

ئەم دۆخە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هەندێک بەرنامەی پاپا. ڤاتیکان ڕایگەیاند کۆبوونەوەی گشتی "یۆبیلی" ڕۆژی شەممە هەڵوەشاوەتەوە و پاپاش بە هەمان شێوە ئاهەنگی جەماوەری ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوە نابات.

لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا ئەمە چوارەم جارە کە پاپا فرانسیس لە نەخۆشخانە خەوێندراوە. کێشە جەستەییەکانی، لەوانە ئازارێکی زۆر لە شان و ئەژنۆیدا کە ناچاری کردووە کورسی ویلچەر بەکاربهێنێت، چەندین نەشتەرگەری و هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان، نیگەرانییەکانی لەسەر توانای بەردەوامبوونی لە چالاکییەکانی دروستکردووە.

بەڵام پاپا فرانسیس ڕەتیکردووەتەوە خشتەی کارەکانی کەمبکاتەوە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئامۆژگارییەکانی پزیشکەکانەوە. تەنانەت لە مانگی نۆی ساڵی 2024 درێژترین گەشتی خۆی ئەنجامدا کە 12 ڕۆژی خایاند بۆ ئاسیا و زەریای هێمن.

پاپا فرانسیس لە دوای هەڵبژاردنی لە ساڵی 2013ەوە، چەندین جار ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی لە ئەگەری بێتوانایی جەستەیی وروژاندووە. ئەمەش هاوشێوەی بڕیارەکەی بەنێدکت شانزەهەم، پاپای پێشوو کە لە ساڵی 2013 بەهۆی کێشەی تەندروستی دەستی لەکارکێشایەوە.

لەگەڵ بەردەوامی باری پزیشکی ئاڵۆزی پاپا فرانسیس و هەڵوەشاندنەوەی ڕووداوە سەرەکییەکانی ڤاتیکان، پرسیارێک هاتووەتە ئاراوە کە ئایا ئەگەر دۆخی تەندروستیی زیاتر تێکبچێت، ڕێبازی بەنێدکت شانزەهەم دەگرێتە بەر یان نا؟


سەرچاو/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG