Accessibility links

چی ڕوودەدات کاتێک دەکەوینە ناو کونە ڕەشێکەوە لە گەردووندا؟


ئایا هەتا ئێستا بیرت لەوە کردووەتەوە ئەگەر بکەوینە ناو کونە ڕەشێکی گەردوونەوە، چی ڕوودەدات؟ ناسا، دەزگای واڵایی ئاسمانی ئەمەریکا، ھاوشێوەکردنێکی ڤیدیۆیی سەرسوڕهێنەری ئەم دیاردەیەی دروستکردووە کە ڕێگە بە بینەران دەدات ئەزموونی کەوتنە ناو کونە ڕەش و تێپەڕین بە ناو خاڵی نەگەڕانەوەدا بکەن.

لەم ھاوشێوەکردنەدا کە لەلایەن سوپەرکۆمپیوتەرەکەی ناساوە بەرھەمھێنراوە، بینەران لە شێوەی ئاسمانگەڕێکدا لە ڕێگەی لێنزی کامێرایەکەوە لە دووری 640 ملیۆن کیلۆمەتر بە خێراییەکی نزیک لە ڕووناکی، بەرەو کونە ڕەشەکە دەڕۆن.

کامێراکە دوای ئەوەی دەگاتە کونە ڕەشەکە و بە دەوریدا دەسوڕێتەوە، ئاسۆی ڕووداوەکە کە پێی دەوترێت "خاڵی نەگەڕانەوە"، تێدەپەڕێنێت. لەم ھاوشێوەکردنە گرافیکەدا هەموو وردەکاری و یاساکانی فیزیا ڕەچاو کراون.

ڤیدیۆکەی ناسا بە شێوەیەک دروستکراوە کە ڕێگە بە بینەر دەدات هەموو دەورووبەرەی خۆی ببینێت و هەست بکات لە ناوەندی هەموو شتەکاندایە. بۆ بەرهەمهێنانی ئەم گەشتە سەرنجڕاکێشە، لە سوپەرکۆمپیوتەری "دیسکاڤەر" لە سەنتەری ھاوشێوەکردنی گۆڕانی کەشوهەوای ناسا کەڵک وەرگیراوە.

ئەم سوپەرکۆمپیوتەرە کە ئەم بەهەمەی لە رێگەیەوە دروستکراوە، نزیکەی 10 تێرابایت داتا کە یەکسانە بە نزیکەی نیوەی کتێبەکانی کتێبخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە ڕێگەی 129 هەزار پرۆسێسەرەکەی لە ماوەی نزیکەی 5 ڕۆژدا، پرۆسێس کردووە، لە کاتێکدا هەمان شت بە لاپتۆپێکی ئاسایی زیاتر لە 10 ساڵ دەخایەنێت.

بارستەی ئەم کونە ڕەشەی کە لەم ڤیدیۆیەدا دروستکراوەتەوە، 4.3 ملیۆن هێندەی بارستەی خۆرە و هەمان قەبارەی کونە ڕەشە لە ناوەندی گەلە ئەستێرەی خۆمان کە ڕێڕەوی شیرییە.

جێرمی شنێتمەن، زانای فیزیا لە ناسا و یەکێک لە دروستکەرانی ڤیدیۆکە سەبارەت بە ڤیدیۆکە دەڵێت "زۆرجار خەڵک لەمبارەیەوە پرسیارە دەکەن. بەڵام دەبێت بزانین کە هاوشێوەکردنی ئەم پرۆسە سەختانە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان بیرکاری ڕێژەیی و دیاردەکان لە جیهانی ڕاستەقینەدا."

ئاماژەی بەوەشکرد "کونە ڕەشەکان بە بارستەی گەلەئەستێرەیەک کە نزیکەی 30 بارستەی خۆری تێدایە، ئاسۆی ڕووداوەکانیان زۆر بچووکترە و هێزی مەل و بایان بەهێزترە، بە شێوەیەک کە دەتوانێت تەنە نزیکەکانی ناو گەردوون پێش ئەوەی بگەنە ئاسۆی ڕووداوەکان، لە یەکتر جیابکاتەوە."

ئەو زانایە دەڵێت "ئەم پڕۆسەیە کە پێ دەوترێت سپاگێتیفیکەیشن( spaghettification)، لەبەر ئەوە ڕوودەدات کە هێزی ڕاکێشانی کۆتایی تەنێک کە لە کونە ڕەشەکە نزیکترە، زۆر بەهێزترە لە کۆتاییەکەی تری وهەر بۆیە تەنەکە وەکو نۆدڵ لێدەکات."

ئاسۆی ڕووداوەکانی کونە ڕەشە ھاوشێوەکراوەکە نزیکەی 25 ملیۆن کیلۆمەتر درێژە و بینەران ھەورێکی گەورەی تەختی گازی گەرم و پێکهاتەی درەوشاوە دەبینن کە پێی دەوترێت "ئەڵقەی فۆتۆن".

لەم هاوشێوەکردنەدا، کامێراکە لە نزیک ئاسۆی ڕووداوەکەوە دەسوڕێتەوە، بەڵام هەرگیز ناپەڕێتەوە و هەڵدێت بۆ شوێنێکی پاریزراو.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کامێراکە لە کونە ڕەشەکەوە، 'دیسکی زیادبوون' و ئەستێرەکان ڕووناکییان زیاد دەکات. لە کاتی ڕاستەقینەدا کامێرا نزیکەی 3 کاتژمێری دەوێت تا دەگاتە ئاسۆی ڕووداوەکان، بەڵام بۆ چاودێرێکی دوور ئەم دەرکەوتنە هەرگیز بە تەواوی ڕوونادات.

لەم گەشتە خەیاڵییەدا، هەتا فەزا و کات زیاتر بەرەو ئاسۆ بگۆڕدرێت، وێنەی کامێراکە خاوتر دەبێتەوە و دواتر لەوێوە وەها دیارە وێنەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەیبەستێت، هەر لەبەر ئەمەشە کە فەلەکناسەکان سەرەتا کونە ڕەشەکانیان بە 'ئەستێرەی بەستوو' ناوبردووە.

کاتێک کامێراکە ئاسۆی ڕووداوەکان دەبڕێت، تەنها 12.8 چرکەی دەوێت هەتا بەهۆی پرۆسەی سپاگێتیفیکەیشنەوە لەناو بچێت. لەم خاڵەوە تەنیا نزیکەی 130 هەزار کیلۆمەتر بۆ Gravitational singularity ماوە. ئەمە حاڵەتێکە لە فەزا-کاتدا کە بەپێی تیۆری ڕێژەیی گشتی ئەنیشتاین، چڕی و مەیدانی کێشکردنی تەنەکە دەبێتە بێکۆتایی و ئەمەش دوا قۆناغی گەشتە هاوشێوەکردنەکەی ناسایە و لە چاوتروکانێکدا کۆتایی دێت.

سەرچاوە/ ماڵپەڕی ناسا

XS
SM
MD
LG