Accessibility links

ڕیزبەندی ساڵانەی گەندەڵی؛ دانیمارک وەک پاکترین وڵات لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە

ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ڕۆژی سێشەممە 11ی مانگی دوو پێوەرێکی ساڵانەی خۆی بۆ تێڕوانینەکانی سەبارەت بە گەندەڵی بڵاوکردەوە و دەریخست دانیمارک وەک پاکترین وڵات لەڕووی گەندەڵیەوە لە پلەی یەکەمدا دەمێنێتەوە.

زۆرێک لە وڵاتان خراپترین ئەنجامییان لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا تۆمار کردوو. ئەم ڕەوتە لە زلهێزەکانی وەک ئەمەریکا و فەرەنسا و هەروەها وڵاتانی پاوانخوازی وەک ڕووسیا و ڤەنزوێلادا بەدی کراوە.

ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی کە ئاماری ساڵانەی تێگەیشتنی گەندەڵی کۆدەکاتەوە، دەریدەخات کە 47 وڵات لە کۆی 180 وڵات کەمترین نمرەیان بەدەستهێناوە لە ڕیزبەندی جیهاندا. ڕاپۆرتەکە لەبارەی ڕاپرسیەکەی ساڵی 2024 ەوە دەڵێت " ئاستی گەندەڵی لە جیهاندا بە شێوەیەکی ترسناک بەرزە و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی لاوازە."

ڕێکخراوەکە ئاماژەیدا بە مەترسییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، لە گەندەڵییەوە تاوەکو هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. دەڵێت نەبوونی شەفافییەت و میکانیزمی بەرپرسانە مەترسی دزین و خراپ بەکارهێنانی ئەو پارەیەی بۆ گۆڕانی کەش و هەوا دابینکراوە زیاتر دەکات، لە کاتێکدا " کاریگەریی ناپێویست " زۆرجار لەلایەن کەرتی تایبەتەوە ڕێگرە لە پەسەندکردنی سیاسەتە خوازراوەکان.

ڕێکخراوەکە بەپێی 13 سەرچاوەی داتا و زانیاریی، تێگەیشتن لە گەندەڵی لە کەرتی گشتیدا دەپێوێت، لەوانە بانکی جیهانی، کۆڕبەندی ئابووری جیهانی و کۆمپانیاکانی مەترسی و ڕاوێژکاری تایبەت. 180 وڵات و هەرێم لە 0 بۆ 100 ڕیزبەند دەکات. 0 واتە ڕێژەی گەندەڵی تێیدا زۆر زۆرە، 100 واتە وڵاتەکە لە ڕووی گەندەڵییەوە " زۆر پاکە."

رێکخراوەکە وتی تێکڕای نمرە لە جیهان لە ساڵی 2023 دا نەگۆڕاوە و 43 بووە و زیاتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتان نمرەی خوار پەنجایان بەدەستهێناوە. دانیمارک بە 90 خاڵ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و دوای ئەویش فینلاند بە 88 خاڵ و سینگاپوور بە 84 خاڵ دێن. نیوزلەندا لە پلەی سێیەمەوە بۆ پلەی چوارەم دابەزی و دوو خاڵی دابەزاند بۆ 83.

باشووری سودان بە هەشت خاڵ دابەزی و جێگەی سۆماڵی گرتەوە، هەرچەندە سۆماڵ خۆی بە نۆ خاڵ دابەزیوە. دوای ئەوان ڤەنزوێلا بە 10 خاڵ و سوریا بە 12 خاڵ دێن.

ئەمەریکا لە 69 خاڵەوە بۆ 65 خاڵ دابەزی و لە پلەی 24 ەوە بۆ پلەی 28 دابەزی. ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە ئەو ڕەخنانەدا کە لە لقی دادوەری ئەمەریکا دەگیرێن. ئاماژەی بەوەشداوە کە دادگای باڵای ئەمەریکا لە ساڵی 2023 یەکەمین ڕێسای ڕەوشتی پەسەند کرد، " بەڵام پرسیاری جددی سەبارەت بە نەبوونی میکانیزمی جێبەجێکردنی بابەتی و گرنگی یاسا نوێیەکان دەمێننەوە."

وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا کە پلەکانییان دابەزیوە بریتین لە فەڕەنسا کە چوار خاڵ دابەزی بۆ 67 خاڵ و پێنج پلە لە ڕیزبەندییەکەدا دابەزی بۆ 25 هەمین. ئەڵمانیا بە سێ خاڵ دابەزی بۆ 75 خاڵ و شەش پلە دابەزی بۆ 15. لەگەڵ کەنەدا یەکسان بوو کە یەک خاڵ و سێ پلە دابەزی.

ڕووسیا کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ساڵی ڕابردوو چوار خاڵی دیکە دابەزی و گەیشتە 22 خاڵ. ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا کە داگیرکاری مۆسکۆ دژی ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 " زۆرداریی زیاتر چەسپاندووە." دەڵێت ئۆکرانیا لە کاتێکدا نمرەکەی یەک خاڵ دابەزیوە بۆ 35 بەڵام " هەنگاوی گەورە دەنێت لە سەربەخۆیی دادوەریی و دادگاییکردنی گەندەڵی لە ئاستێکی بەرزدا."

ڕێکخراوەکە وتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، هەوڵەکانی دژە گەندەڵی " هێشتا کەمن " چونکە سەرکردە سیاسییەکان دەسەڵاتی تەواوییان هەیە و لە هەمان کاتدا سوود لە سامان وەردەگرن و دەنگە ناڕازییەکان سەرکوت دەکەن. بەڵام " دەرفەتی پێشبینی نەکراویش " لە ئارادایە بۆ نموونە لە دوای ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدەوە لە سوریا. باشووری بیابانی ئەفریقا کەمترین تێکڕای نمرەی هەبوو لە هەموو ناوچەکان کە 33 بوو.

سەرچاوە/ AP

This item is part of
XS
SM
MD
LG