Accessibility links

هاکان فیدان: تورکیا، عێراق، سوریا و ئوردن هەنگاوی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەگرنەبەر


هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند تورکیا، عێراق، سوریا و ئوردن هەنگاوی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا دەگرنەبەر.

فیدان گوتیشی ئامانجیان ئەوەیە یەکەمین کۆبوونەوە لەسەر ئەم پرسە لە ئوردن ئەنجام بدەن. ئاماژەی بەوەشکرد هەر چوار وڵاتەکە پلانیان هەیە ڕێوشوێن لەبارەی ئاسایشی سنوورەکانەوە بگرنەبەر.

لە دوای لادانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا، لەسەر دەسەڵات لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچەیی هۆشدارییان لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی داوە. هەزاران ئەندامی ئەو گرووپە ئیسلامییە چەکدارە لە کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای ژیر دەسەڵاتی کوردەکان ڕاگیراون.

فیدان بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی دەوڵەتی تورکیای ڕاگەیاندووە چوار وڵاتەکە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی پێشوەختە بۆ هاوکاریی نزیکتر کە تێیدا وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و دەزگا هەواڵگرییەکانیان بەشدارن.

هێزەکانی سوریای دیموکراتی هاوپەیمانی ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە داعشدا، کۆنتڕۆڵی کەمپەکانی زیندانەکانی ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن. یەپەگە کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات، لەلایەن تورکیاوە وەک تیرۆریست لێی دەڕوانرێت و داوا دەکات زیندانەکان ڕادەستی سەرکردایەتی نوێی سوریا بکرێن.

ئەنکەرە چەندین جار ڕایگەیاندووە پاڵپشتی ئیدارەی نوێی سوریا کە دۆستی تورکیایە، دەکات لە شەڕی دژی هەردوو دەوڵەتی ئیسلامی و یەپەگەش.

ڕۆژی سێشەممە تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنکەرە میوانداری ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆک کۆماری تازە ڕاسپێردراوی سوریای کرد بۆ دانوستان سەبارەت بە هەنگاوەکان کە دەبێ لە دژی کوردەکان و چەند پرسێکی دیکە بگیرێنەبەر.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG